ئەوقافی سلێمانی: پێمان باشە دوای تەواوبوونی كۆرۆناش، پرسەی مزگەوتەكان لاببرێت

‌کۆرۆنا پرسەی مزگەوتەکانی هەڵگرتووە

وێستگە نیوز ـ پشتیوان جەمال
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی سلێمانی رایدەگەیەنێت، ئەوان پێیان باشە دوای تەواوبوونی ڤایرۆسی كۆرۆناش، دانانی پرسە لەناو مزگەوتەكان لاببرێت، چونكە دانانی پرسە بارگرانییە بۆ خاوەن پرسە و هاوڵاتیانیش.


فەرەیدون غەریب، بەڕێوەبەری گشتی ئەوقافی سلێمانی بە وێستگە نیوزی راگەیاند: راستە ئێستا ڤایرۆسی كۆرۆنا بەرەو كەمبوونەوە دەڕوات، بەڵام لەزۆربەی وڵاتانیش ڤایرۆسەكە دەستی پێكردوةتەوە و مەترسییەكە هەر ماوە، هەرچەندە لەم ماوەیەشدا پرسە لەناو خێمەدا دانراوەتەوە، بەڵام وەك ئەوقاف پێیان باشە ئەگەر كۆرۆناش نەمێنێت دانانی پرسە لەمزگەت لاببرێت، چونكە تەنها بارگرانییە بۆ خاوەن پرسە و هاوڵاتیان، لەجیاتی ئەوە تەنها بەتەلەفۆن و لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە پەیوەندی بەخاوەن پرسەكەوە بكرێت.

هەر سەبارەت بەدانانەوەی پرسەی نێو مزگەوتەكان، نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكومەتی هەرێم بەوێستگە نیوزی راگەیاند: ئەو مەسەلەیە پەیوەندی بەبڕیاری لیژنەی باڵای رووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە هەیە.

بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە لە هەرێمی كوردستان، ماوەی نزیكەی ساڵێكە دانانی پرسە لەمزگەوتەكاندا قەدەغەكراوە.


PM:03:47:26/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 32488 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو