کۆبوونەوەی شاندی هەرێم و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکرد

‌لیژنەی دارایی پەرلەمانی و عێراق و شاندی هەرێم کۆبونەوەیەکی راوێژکاری ئەنجام دەدەن

وێستگەنیوز-

دوای ئەوەی دوێنێ یەکشەممە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی تاوتوێکردنی پشکی هەرێم و دۆسیەی نەوت لەگەڵ بەرپرسانی حکومەت و پەرلەمانی عێراق گەیشتە بەغدا، ئێوارەی ئەمڕۆ کۆبوونەوەی "راوێژکاری" شاندی هەرێم و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکرد.

جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق بەوێستگەنیوزی راگەیاند، کەمێک پێش ئێستا کۆبوونەوەی نێوان شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لیژنەی دارایی دەستیپێکرد و "ئەو کۆبوونەوەیە راوێژکاری و دۆستانەیە، چونکە هیچ بڕیارێکی تێدا نادرێت و کۆبوونەوەی فەرمی سبەینێ سێشەممە بەڕێوەدەچێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، هۆکاری ئەوەش کە کۆبوونەوەکە راوێژکارییە ئەوەیە هەیسەم جبوری، سەرۆکی لیژنەی دارایی بەیاوەری محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەردانی کوێتی کردوە و بڕیارە ئەمشەوە بگەڕێنەوە بەغدا، بۆیە سبەینێ سێشەممە کۆبوونەوەی فەرمی دەکرێت.

هاوکات فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبەغدا بە وێستگەنیوزی راگەیاند، لەکۆبوونەوەی دوێنێی شاندی هەرێم و لیژنەی دارایی پەرلەمان عێرق جەختکرایەوە لەوەی حکومەتی هەرێم پابەندە بەو ئەرکانەی لەپڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 بۆی دەستنیشانکراوە.

پەیوەست بەپشکی هەرێمیش لەپڕۆژەیاسای بودجەدا ئەوەی خستەڕو، لەئێستادا پڕۆژەیاسای بودجەی فیدڕاڵی پرسی هەموارکردنەوەی مادەکانی لەبەردەستی لیژنەی داراییدایە و پێداچونەوەش بەزۆرینەی مادەکانی تەواوبووە تەنها پشكی هەرێم لەپڕۆژەیاسای بودجەدا ماوە، ئامانجی کۆبونەوەکانی سبەی سێشەممەش بۆ ئەوەیە هەردولا بگەن لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش بەجۆرێک ناوەڕۆکی پڕۆژەکە دەستکاری نەکرێت.

سەردانەکەی ئەمجارەی شاندی حکومەتی هەرێم دەبێتە بنەمایەک بۆ پڕۆژەیاسای بودجە کەبڕیارە پێش مانگی شوبات دەنگی لەسەر بدرێت، بەجۆرێک سەردانی شاندەکەی هەرێم پرسی رێککەوتنی نێوان هەردوولا بۆ ساڵی 2021 یەکلایی دەکاتەوە و کاریگەریش لەسەر پرسی موچە و دۆخی دارایی کوردستان جێدەهێڵێت.

بەپێی ئەو رەشنوسەی بودجە كە حكومەت ناردویەتی بۆ پەرلەمان، جارێكی دیکە هاوشێوەی ساڵانی پێشوو، هەرێمی كوردستان پابەندكراوە بەوەی داهاتی (250 هەزار) بەرمیل نەوت رادەستی عێراق بكات، لەبەرامبەردا لەبودجەدا كۆی خەرجی هەرێمی كوردستانی بۆ ساڵی 2021 بە بڕی (13 ترلیۆن‌و 904 ملیارو 12 ملیۆن و 452 هەزار) دینار دیاریکراوە کە بەم شێوەیە:

- بودجەی بەكاربردن: (10 ترلیۆن و 912 ملیارو 627 ملیۆن و 512 هەزار) دینارە.

- بودجەی سەرمایەگوزاری: ( 2 ترلیۆن و 991 ملیارو 384 ملیۆن و 940 هەزار) دینارە.
- كۆی گشتی پشكی هەرێم: (13 ترلیۆن و 904 ملیارو 12 ملیۆن و 452 هەزار) دینارە.

پەیوەست هەڵوێستی هێزە سیاسییەکانی عێراق لەبارەی پشکی هەرێم  رێزان شێخ دلێر، ئەندامی کورد لەپەرلەمانی عێراق بە وێستگەنیوزی راگەیاند، "ئێمە بەحزبەکانی خۆمانمان وتووە ئەندامانی پەرلەمان و کوتلەسیاسییەکانی عێراق بەهیچ شێوەیە رازی نین ناوەڕۆکی بودجە و پشکی هەرێم بەم شێوەیەی ئێستا بڕوات و دەڵێن پێویستە هەرێم سەرجەم داهاتەکانی رادەستی بەغدا بکات و پشکی خۆی وەربگرێت، بەپێچەوانەوە هیچ پارەیەک رەوانەی هەرێم ناکرێت".

ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی رونیکردەوە، "ئێمە دەپرسین ئەگەر حکومەتی هەرێم و حزبەکان بێ باک بن لەو دۆخە، ئایا خەڵک تەحامولی بێ پارەیی و بێ موچەیی دەکات؟".

22ی مانگی رابردوو قوباد تاڵەبانی، سەرۆکی شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند،  ماوەی دو هەفتەیە شاندی حکومەتی هەرێم لەبەغدایە و لەو ماوەیەدا هەردولا لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 رێککەوتون و بڕیاریشە لەماوەیەکی نزیکدا پشکی هەرێم بەگوێرەی یاسای قەرز رەوانەبکرێت.

هـ.هـ


PM:09:08:25/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 3136 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت