سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و ئەمیری کوێت پەیوەندییە ئابورییەکان تاوتوێ دەکەن

‌ شێخ نەواف ئەحمەد جابر ئەلسەباح و محەمەد حەلبوسی

وێستگەنیوز-

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و  ئەمیری کوێت لەکۆبوونەوەیەدا بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردولا لەسەر ئاستی سیاسی، دیبلۆماسی و ئابوری و هەروەها چالاکردنی  رێککەوتنەکانی وەبەرهێنانیان تاوتوێ کرد.

راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دوشەممە محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان لەگەڵ شێخ نەواف ئەحمەد جابر ئەلسەباح، ئەمیری کوێت کۆبووەتەوە و پرسی پەیوەندییەکانی نێوان کوێت-بەغدایان تاوتوێ کردوە.

ئەوەش هاتوە، هەردولا جەختیانکردەوە لە بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابورییەکان، چالاکردنی لیژنە هاوبەشەکانی هەردولا، پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و جێبەجێکردنی خاڵەکانی کۆنگرەی کوێت بۆ دوبارە بونیاتنانەوەی عێراق.

ئەمڕۆش نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بڵاویکردەوە، شەوی رابردو محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان بەسەرۆکایەتی شاندێکی پەرلەمان گەیشتە کوێت و لەلایەن مەرزوق غانم، سەرۆکی ئەنجومەنی گەلی ئەو وڵاتەوە پێشوازی لێکراوە.

ئەوەش هاتوە، سەرۆکی پەرلەمان پرسی پەیوەندییەکانی نێوان هەردو وڵات و بەردەوامی هەماهەنگی دو لایەنە لەگەڵ شێخ نەواف ئەحمەد ئەلسەباح ئەمیر،  شێخ مەشعەل  ئەلسەباح جێنشینی ئەمیری کوێت و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە تاوتوێ دەکات.

عێراق و کوێت سەرەڕای تێپەڕبونیان بەچەند قۆناغێکی ناکۆکی لەپەیوەندییەکانی نێوانیان بەتایبەت لەکۆتاییەکانی سەدەی رابردو، بەڵام لەدوای گۆڕینی سیستەمی حکومڕانی لەدوای ساڵی 2003ەوە پەیوەندیی نێوان هەردولا گەشەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.

هـ.هـ


PM:08:27:25/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 1100 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت