بافڵ تاڵەبانی: لامەركەزی قەوارەی هەرێم بەهێز دەكات


وێستگە نیوز-

بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، سیستمی لامەركەزی قەوارەی هەرێم بە‌هێز دەكات و فاكتەرێكە بۆ زیاتر خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، دەیانەوێت لە كوردستان و بەتایبەتی ناوچە دابڕێندراوەكان وەك كورد بە یەكدەنگی و یەكھەڵوێستی بەشداری هەڵبژاردنەكانی عێراق بكەن.  

بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەشاری سلێمانی پێشوازی لە ئاشلی دوریك، لێپرسراوی نووسینگەی باڵیۆزخانەی كەنەدا لەھەرێمی كوردستان كرد، بەپێی راگەیەنراوی كۆبونەوەكە، بە بایەخەوە باس لە پەیوەندییە سیاسی و دیبلۆماسییەكانی نێوان ھەردوولا كرا و جەخت لە فراوانكردنی ھاریكاری و ھاوكارییەكانی كەنەدا كرایەوە بەتایبەت لە خستنەگەڕی زیاتری ھەوڵەكانیان بۆ مەشقپێكردنی ھێزی پێشمەرگە و رێكخستنەوەی یەكە سەربازییەكان لەچوارچێوەی پشتیوانییەكانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.  

هەر بەپێی راگەیەنراوكە، بافڵ تاڵەبانی بنیادنانی دیالۆگی نیشتمانی لەنێوان ھێزەكانی ھەرێم و عێراق بە پێویست زانی و داوایكرد نوێنەری وڵاتان پشتگیری ئەو ھەوڵانە بكەن و ھاوكاربن بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە، ئاماژەی بەھەنگاوەكانی جێبەجێكردنی سیستمی لامەركەزیش لە ھەرێم كرد و بە فاكتەری بەھێزتركردنی قەوارەی ھەرێم و زیاتر خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵك وەسفیكرد.  

سەبارەت بە ھەڵبژاردنەكانی داھاتووی عێراقیش، بافڵ تاڵەبانی خواستی یەكێتی دووپاتكردەوە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد لەوادەی خۆیدا و دەیانەوێت لە كوردستان و بەتایبەتی ناوچە دابڕێندراوەكان وەك كورد بە یەكدەنگی و یەكھەڵوێستی بەشداری بكەن و یەكڕیزی نیشتمانی بپارێزن.  



PM:05:06:25/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 2272 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو