بەرپرسێکی سەربازی ئەمریکا: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئێراندا چۆتە قۆناغی دەرفەت پێدانەوە


وێستگەنیوز- هێڤار هیوا
بەرپرسێکی سەربازی ئەمریکی رایگەیاندووە، پەیوەندیەکانیان لەگەڵ ئێراندا چۆتە قۆناغی "دەرفەت پێدان"ەوە لەو کاتەوەی جۆ بایدن، سەرۆکی نوێی ئەمریکا دەست بەکاربووە. 

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەری سکای نیوز، کینیس ماکێنزی، بەرپرسی ناوەندی سوپای ئەمریکا رایگەیاندووە، پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران گەشتۆتە قۆناغی "دەرفەت پێدان". لە پاش هاتنی ئیداری نوێی ئەو وڵاتە بە سەرۆکایەتی جۆ بایدن، سەرۆکی نوێ. 
ئەو بەرپرسە سەربازیە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەمریکا توانیویەتی بەربەستێک دروست بکات، سەبارەت بە دۆسیەی ئێران و رێگری بکات لە روودانی جەنگ. 

کینیس ماکێنزی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکایە لە خۆرهەڵاتی ناوەراست کە بە "سێنتکۆم" ناسراوە. 

لە پاش هاتنی جۆ بایدنی سەرۆکی نوێی ئەمریکا، ئەو وڵاتە هەوڵ دەدات ئەو گرژی و ئاڵۆزیە نێودەوڵەتییانە نەهێڵێت کە پێشتر لە سەردەمی ئیدارەی ترەمپدا روویدابوو. 

بەپێی وتەی بەشێک لە شارەزایانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، ئێران و ئەمریکا هەنگاوێک نزیکتر بونەتەوە لە لێکتێگەشتن و باشتر کردنی پەیوەندییەکانیان. 

 لە لایەکی ترەوە، محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران بە ئاژانسی هەواڵی میهری ئێرانی راگەیاندووە، ئێران باوەشی گفتوگۆی بۆ هەموو وڵاتێک کردۆتەوە و ئامادەین گفتوگۆی ئاشتیانە بکەین. 

پێش ئەو وتەیەی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، هەفتەی رابردوو حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆمار جەختی کردبۆوە، ئەگەر ئەمریکا سزا و گەمارۆکان لەسەر ئێران لا ببات، ئەوان دەگەڕێنەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ سەبارەت بە پرۆگرامە ئەتۆمییەکەیان.


PM:12:18:25/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 2428 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت