ئامادەکارییەکان بۆ دادگایی کردنی ترەمپ بەردەوامە

‌دۆناڵد ترەمپ

وێستگە نیوز ـ هێڤار هیوا
ئامادەکارییە سیاسی و رێکارە ئەمنییەکان بۆ دادگایی کردنی ترەمپ بەردەوامە و سەرۆکی ئەنجومەنی پیران هەوڵەکانی چڕ کردوه‌تەوە بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەی تەواوەتی سەبارەت بە هێرشکردنە سەر کۆنگرێس و پێشێلکردنی دەستوور.


بەپێی هەواڵی میدیا جیهانییەکان، ئەنجومەنی پیران و کۆنگرێسی ئەمریکا لە ئامادەکارییەکان بەردەوامە بە مەبەستی کۆکردنەوەی بەڵگەی پێویست سەبارەت بە هێرشکردنە سەر کۆنگرێس و هەوڵدان بۆ ئاژاوە نانەوە.

لە پاش کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی ترەمپ و تۆمەتبار کردنی بە هەوڵدان بۆ ئاژاوە نانەوە لە پایتەخت دا، هەروەها تۆمەتبار کردنی بە هاندانی لایەنگرانی لە هێرشەکەی سەر کۆنگرێس کە بووە هۆی کوژرانی پێنج کەش.

هەروەها چاک شۆمەر، بەرپرسی دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی پیران رایگەیاندووە، دادگایی کردنی ترەمپ بە زووترین کات ئەنجام دەدرێت و هەموو هەوڵەکانیش دەدەین بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بێت.

وەک رێکارێکی ئەمنی، رێژەیەکی زۆر هێزی پۆلیس و گاردی نیشتیمانی لە ئامادە باشیدان بە مەبەستی ترس لە روودانی هێرشی چەکداری لە لایەن لایەنگرانی ترەمپەوە.

لە بەرامبەردا. مارکۆ رۆبیۆ، سیناتۆری کۆمارییەکان دەڵێت، پێم وایە دادگایی کردنی ترەمپ بارودۆخەکە تێک دەدات و خەڵکی دەکات بە دوو بەرەوە، ئەم کارە مەترسیدارە و وەک وایە بەنزین بکەی با ئاگرێکی گەورەدا و زیانەکەی بۆ هەموومان دەبێت.

بەم دادگایی کردنە، ترەمپ دەبێتە یەکەم سەرۆک لە مێژووی ئەمریکادا کە دوو جار لە ئەنجومەنی پیران دادگایی بکرێت، هەروەها یەکەم سەرۆکیشە لە دوای کۆتایی هاتنی دەسەڵاتەکەی دادگایی بکرێت بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ پەلاماردانی کۆنگرێس و پێشێلکردنی دەستوور.  
 
ئەمەش دوای ئەوە دێت، 6ی کانوونی دووەمی 2020، کۆنگرێسی ئەمریکا بریاری پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی دا و لە کاتی کۆبوونەوەکەدا لایەنگرانی ترەمپ هێرشیان کردە سەر کۆنگرێس و لە ئەنجامدا پێنج کەس کوژران.

لە پاش رووداوەکەش ئەنجومەنی پیران و کۆنگرێس بەردەوامیان بە کۆبوونەوەکە دا و جۆ بایدن وەک سەرۆکی نوێ هەڵبژێردرا، لە ئێستاشدا هەوڵەکان بەردەوامن بۆ دادگایی کردنی ترەمپ و سزادانی بە مەبەستی گێرەشێوێنی و هەوڵدان بۆ پێشێلکردنی دەستووری ئەمریکا.


AM:11:47:25/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 1280 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو