دیموکراتەکان هەوڵدەدەن رۆژی دووشەممە دادگایی ترەمپ بکەن


وێستگەنیوز- هێڤار هیوا

دیموکراتەکانی ئەمریکا لە هەوڵدان بۆ دەستپێکردنی دادگای کردنی دۆناڵد ترەمپ لە رۆژی دووشەممەدا و هەوڵدەدەن دۆسیەکەی ببەنە بەردەم ئەنجومەنی پیران، بەڵام کۆمارییەکان دەڵێن دووبەرەکی دروست دەبێت.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەری سی ئێن ئێن، نانسی پیلۆسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا رایگەیاندووە، دەیەوێت رۆژی دووشەممە، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ترەمپ بباتە بەردەم ئەنجوومەنی پیران بۆئەوەی پرۆسەی دادگاییکردنی دەستپێبکات، ئاماژەی بەوەشداوە، زۆرینەی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی پیران داواکارن دادگاییکردنی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بکرێت و بە تۆمەتی هاندانی لایەنگرەکانی بۆ هەڵکوتانە سەر کۆنگرێس سزابدرێت. 

چەک شومەر، بەرپرسی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی پیران رایگەیاندووە، "ئەنجومەنی پیران هەوڵدەدات دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دادگایی بکات، هەموو هەوڵێکیش دەدەین بۆ ئەوەی دادگاییەکە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بێت و بە هەڵەدا نەچین".

جەختیشی کردۆتەوە، "کە دادگاییکردنەکە هەر دەکرێت و کاتێک تەواو بوو، سیناتۆرەکان بڕیاردەدەن کە ئایا دۆناڵد ترەمپ هانی توندوتیژی و هەڵگەڕانەوەی دژی ئەمریکا داوە یان نا".
 
لە بەرامبەردا میچ مەکۆنێل، سەرکردەی کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی پیران دەڵێت، "داواکارم دادگاییە کردنەکە دوابخرێت بە مەبەستی پێدانی کات و خۆ ئامادەکردنی زیاتری دۆنالد ترەمپ و پارێزەرەکەی، بڕوای تەواویشمان هەیە کە دەبێت دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە هەبێت بە جۆرێک کە سەرۆکی پێشوو بتوانێت بەرگری لە خۆی بکات و ئەنجوومەنی پیران بتوانێت بە دروستی وردبینی بۆ بکات". 

بەشێک لە کۆمارییەکان پێیانوایە ئەم دادگایی کردنە دەبێتە هۆی زیاتر دووبەرەکی نانەوە لە نێوان خەڵکی ئەمریکادا، لە بەرامبەردا دیموکراتەکان دەڵێن، نابێت رێگە بە سەرۆکەکان بدرێت لە کۆتا مەنگی دەسەڵاتیاندا چی کارێکیان بوێت بیکەن، دادگایی کردنی ترەمپیش هەر دەبێت بکرێت. 

بەم دادگاییکردنە، ترەمپ دەبێتە یەکەم سەرۆک لە مێژووی ئەمریکادا کە دوو جار لە ئەنجومەنی پیران دادگایی بکرێت، هەروەها یەکەم سەرۆکیشە لە دوای کۆتایی هاتنی دەسەڵاتەکەی دادگایی بکرێت بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ پەلاماردانی کۆنگرێس و پێشێلکردنی دەستوور.


PM:12:22:23/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 1004 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو