شاندی حکومەتی هەرێم بۆ بودجە و دۆسیەی نەوت سەردانی بەغدا دەکاتەوە

‌کۆبوونەوەی شاندی حکومەتی هەرێم و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی پڕۆژەی بودجە (10-12-2020)

وێستگەنیوز-

دوای تێپەڕبوونی مانگێک بەسەر دواین سەردانی شاندی باڵای حکومەتی هەرێم بەسەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی بۆ بەغدا و راگەیاندنی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی موچە و بودجە، تائێستا ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە جێبەجێنەکراوە و بەمەبەستی گفتوگۆکردنیش لەبارەی چۆنیەتی جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە لەهەفتەی داهاتوودا شاندی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەکاتەوە.

سەرچاوەیەکی بەرپرس لەبەغدا بەوێستگەنیوزی راگەیاند، سەرەتای هه‌فته‌ى داهاتوو شاندى باڵای حکومەتی هه‌رێمى كوردستان سه‌ردانى به‌غدا دەکات و پرسى موچه‌ و بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستان لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا تاوتوێ دەکەن، ئەنجامی گفتوگۆکانی شاندەکەش دەبێتە بنەما بۆ پڕۆژەیاسای بودجە کەبڕیارە پێش مانگی شوبات دەنگی لەسەر بدرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئه‌گه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌يه‌دا هەولێر و بەغدا نه‌گه‌يشتنه‌ ڕێكکه‌وتن، ئه‌وا كاريگه‌رى نه‌رێنى دروستده‌كات له‌سه‌ر موچه‌خۆرانى هه‌رێمى كوردستان، بەوپێیەی حکومەتی هەرێم بۆ دابەشکردنی موچە پشت دەبەستێت بەهەردوو داهاتی نەوت و داهاتی ناوخۆ و بەگوێرەی داهاتی بەردەست موچە دابەش دەکات، ئەوەش مانای وایە دۆخی هەرێم دەکەوێتە حاڵەتێکی ناهەموارەوە".

سەرچاوەکە پەیوەست بە ئەگەری رێککەوتنی هەردوولاش باسی لەوەکرد، پێويسته‌ حكومه‌تى هه‌رێم هه‌رچى له‌توانىدا هه‌يه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تى ناوه‌ند بیخاتەگەڕ بۆئەوەی بگاته‌ چاره‌سه‌رێك تاوه‌كو بتوانرێت بارودۆخى دارایی هه‌رێم باشتربکرێت.

پەیوەست بەم بابەتەش رێزان شێخ دلێر، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لەپەرلەمانی عێراق بە وێستگەنیوز-ی راگەیاند، "ئێمە بەحزبەکانمان وتووە ئەندامانی پەرلەمان و کوتلەسیاسییەکانی عێراق بەهیچ شێوەیە رازی نین ناوەڕۆکی بودجە و پشکی هەرێم بەم شێوەیەی ئێستا بڕوات و دەڵێن پێویستە هەرێم سەرجەم داهاتەکانی رادەستی بەغدا بکات و پشکی خۆی وەربگرێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە دەپرسین ئەگەر حکومەتی هەرێم و حزبەکان بێ باک بن لەو دۆخە، ئایا خەڵک تەحامولی بێ پارەیی و بێ موچەیی دەکات؟ ".

22ی مانگی رابردوو قوباد تاڵەبانی، سەرۆکی شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند،  ماوەی دوو هەفتەیە شاندی حکومەتی هەرێم لەبەغدایە و لەو ماوەیەدا هەردوولا لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 رێککەوتوون و بڕیاریشە لەماوەیەکی نزیکدا پشکی هەرێم بەگوێرەی یاسای قەرز رەوانەبکرێت.

هـ.هـ


PM:11:39:22/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 2884 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت