وەزیری پێشمەرگە: هەواڵێکی بێ بنەما لەسەرمان بڵاوکراوەتەوە و سکاڵا تۆماردەکەین

‌شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان

وێستگەنیوز-

وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ لەچەند میدیا و ماڵپەڕێکی ئەلیکترۆنی هەواڵێکی "چەواشەکارانەی بێ بنەما" بڵاوکراوەتەوە و بڕیاردراوە ئەو دەزگایانەی زانیاری ناڕاست بڵاودەکەنەوە سکاڵایان لەسەر تۆمار بکەن.

نوسینگەی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەرونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، "سەبارەت بەو دەنگۆیانەی لەبارەی وەزیری پێشمەرگە لە هەندێ میدیا و ماڵپەرە ئەلیکترۆنی و پەیجە ساختەکان بڵاوکراوەتەوە، هەواڵێکی چەواشەکارانەی بێ بنەمایەو دوورە لەراستییەوە".

ئەوەش هاتوە، "داوا لە هەموو لایەک دەکەین، خۆیان بەدوور بگرن لەهەواڵی ناڕاست، جەختدەکەینەوە ئیجرائاتی یاسایی بەرامبەر ئەو ماڵپەڕو میدیایانە دەگرینەبەر، کە هەواڵی ناڕاست لەسەر وەزیری پێشمەرگە بڵاودەکەنەوە".

رونکردنەوەی وەزیری پێشمەرگە دوای ئەوەهات ئەمڕۆ هەینی چەند دەزگایەکی راگەیاندن بڵاویانکردەوە، "شۆرش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە تەنها پێنج خولەكی یەكەم و بۆ وێنەگرتن رێگەی پێدراوە بەشداری كۆبوونەوەی سەرۆكی حكومەت و وەزیری بەرگری توركیا بكات و دواتر لەكۆبوونەوەكە دەركراوە".  


PM:11:01:22/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 4084 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت