سەرۆكی هەرێمی كوردستان و رێكخەری سەنتەری میترۆ دۆخی رۆژنامەگەری تاوتوێ دەکەن

‌نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و رەحمان غەریب، رێكخەری سەنتەری میترۆ

وێستگەنیوز-

سەرۆكی هەرێمی كوردستان و رێكخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لەمافی رۆژنامەنوسان لەکۆبوونەوەیەکدا رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی لە هەرێمی كوردستان تاوتوێ دەکەن و  جەخت دەکەنەوە لەسەر ئەوەی پێویست دەکات رێز لە بنەماكانی مافی مرۆڤ و سەروەری یاسا بگیرێت و یاساكانی تایبەت بە رۆژنامەگەری، زانیاری و خۆپیشاندان سەنگی مەحەكبن و وەك خۆیان جێبەجێبكرێن. 

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و رەحمان غەریب، رێكخەری سەنتەری میترۆ ئەمڕۆ هەینی لەکۆبوونەوەیەکدا راپۆرتی رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی لە هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2020 تاوتوێ دەکەن کە لە بەشێکی راپۆرتەکەدا هاتوە، هەرێمی كوردستان لە بواری ئازادی و رادەربرین و رۆژنامەگەری لە بارودۆخێكی خراپدایە، ئازادییەكان پێشێل دەكرێن، هاوڵاتیان لەسەر دەربڕینی بیروڕایان دەخرێنە زیندان.

لەبەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، رۆژنامەنوسان نەك لەسەر كاری رۆژنامەگەری بەڵكو لەسەر پۆستێكی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە بنكەكانی پۆلیس و ئاسایش لێكۆلینەوەیان لەگەڵ دەكرێت، دەستبەسەر دەكرێن و ئازار دەدرێن، دەزگای میدیا دادەخرێت، ئاستەنگ بۆ پێدانی زانیاری دادەنرێت.

لەو دیدارەدا رێكخەری میترۆ داوای كردوە سەرۆكی هەرێم رۆڵ ببینێت لە ئازادكردنی ئەو گیراوانەی كەیسەكانیان نوسین و رۆژنامەگەریە، یان خۆپیشاندانی بێ مۆڵەتن، هەروەها تیشكی خستە سەر وێنەی هەرێمی كوردستان لە ناو راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان، كە "باش نییە" و داوایكرد: هەڵوێستی ئەو رێكخراوانە وەك دوژمنی ئەزمونی كوردستان تەماشا نەكرێن. 

لای خۆیەوە سەرۆكی هەرێمی كوردستان ستایشی رۆڵی سەنتەری میترۆ و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی كردوە لە چاودێریكردنی دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان و ئاماژەی بەوەکردوە" رۆڵی ئێوە دیارە، ئاگام لە راپۆرتی هەندێ رێكخراوی دیکەش هەیە، پێویستە رێز لە رۆڵی چاودێرێكردنی رێكخراوەكان بگیرێت، لە بری سەرزەنشتكردنیان زەمینە خۆشتر بكرێت بۆ كارو چالاكییەكانیان، بەو پێیەی هەموو راپۆرتێكی چاودێریكردن كە بابەتیانە و راستگۆیانە نوسراون خزمەتكردنە بە هەرێم و ئەزمونەكەی، ئەمە رای منە".

دەربارەی یاساكانی تایبەت بە رۆژنامەگەری و پێدانی زانیاری و رێكخستنی خۆپیشاندان سەرۆکی هەرێم ئەوەی خستوەتەڕوو كە ئەم یاسایانە بە دەنگدانی نوێنەرانی گەلی كوردستان دەرچوون و " پێویستە ئەو یاسایانە وەك خۆیان جێبەجێبكرێن و لە كاتی مامەڵكردن لەگەڵ رۆژنامەنوس و خۆپیشاندەر یان كەسێك كە زانیارییەكی هەڵەی بڵاودەكاتەوە، نابێت یاسای تر جێگروەیان بێت"، باسی لەوەشکردوە، "پشتیوانی رۆژنامەنوسانم لە رێكخستنەوەی میدیای ئەلیكترۆنی بە شێوەیەك كە خۆیان بەشداربن لە نوسینی، پاشەكشە لە یاسای رۆژنامەگەری یان پێچەوانەی بڕگەكانی ئەو یاسایە نەبێت"

سەرۆكی هەرێم داوای لە ستافەكەی كردوە، بە دواداچوونی خێرا بكەن بۆ هەر كەسێك كە لەسەر بیروڕای جیاواز، نوسین یان رۆژنامەگەری دەستبەسەرە و ئاماژەی بەوەکردوە" من لەگەڵ ئەوە نیم هاوڵاتی لەسەر شێوازی بیركردنەوەی لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا بكرێت و ئازار بچێژێت، بەڵام نابێت ئەوە لەبەرچاو نەگرن كە كەسێك بە ئەنقەست هانی توندوتیژی و تێكدانی ئاشتی كۆمەڵایەتی دەدات، یان گوتاری رق و كینە بەرامبەر پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان بڵاودەكاتەوە، توشی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێت".

دەرباری رەوشی سیاسی هەرێمی كوردستانیش نێچیرڤان بارزانی باسی لەوەکردوە، پاراستنی ئەزمونی حوكمرانی لە هەرێمی كوردستان و قەوارە سیاسییەكەی پێویستی بە هاوهەڵوێستی هەیە "با جیاواز بین لەوەی چۆن دەیپارێزین، بەڵام سەنگەر لە یەكتر نەگرین، جیاوازی سروشتی ژیانە با كار بكەین جیاوازییەكانمان بۆ بەرژەوەندی كوردستان و هاوڵاتیانی بشكێتەوە".

16ـی ئەم مانگە سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لەمافی رۆژنامەنوسان راپۆرتی ساڵانەی خۆی بەناونیشانی "راپۆرتی رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی لەهەرێمی کوردستانی عێراق 2020" بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ساڵی رابردو 385 پێشێلکاری بەرامبەر 291 رۆژنامەنوس و دەزگای راگەیاندن تۆمارکراون، لەو ژمارەیەش 4 حاڵەتیان داخستنی ئۆفیسی کەناڵەکان و 163 حاڵەتی رێگریکردن بوون.

هـ.هـ


PM:08:02:22/01/2021








ئه‌م بابه‌ته 1624 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت