داعش به‌رپرسیارێتی خۆی له‌ ته‌قینه‌وه‌كانی به‌غدا راگه‌یاند

‌دیمەنێک لە تەقینەوەکەی بەغدا

وێستگه‌ نیوز ـ
چەکدارانی داعش بەرپرسیاریێتی خۆیان لە تەقینەوەکانی رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی بەغدای پایتەختی عیراق راگەیاند.

 
لە ئەکاونتێكیدا لەسەر تێلیگرام، چەکدارانی داعش بەرپرسیاریێتییان لە هەردوو تەقینەوە خۆکوژییەکەی گۆڕەپانی تەیەران لە ناوەڕاستی بەغدا راگەیاند، کە بەهۆیانەوە قوربانییەکی زۆری لێکەوتەوە.
 
پێشنیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە، دوو تەقینەوەی خۆکوژی لە گۆڕەپانی تەیەران لە بەغدا روویاندا، به‌هۆیه‌وه‌ 32 کەس کوژراون و 110 کەسی دیکەش برینداربوون.
 
تەقینەوەکە لە بازاڕێکی میللیی بەغدا روویدا، سەرەتا خۆکوژی یەکەم خۆی وا دەرخستووە کە نەخۆشە و ئازای هەیە، دوای ئەوەی خەڵکی لێی کۆبووەتەوە، خۆی تەقاندووەتەوە. خۆکوژی دووەمیش دوای 10 خولەک هەر لەو گۆڕەپانە خۆی تەقاندووەتەوە.
 
ماوەی سێ ساڵ بوو ئارامی باڵی بەسەر بەغدا کێشابوو، دوایین تەقینەوەی خۆکوژی لە بەغدا لە هەمان گۆڕەپان بوو لە مانگی یەکی ساڵی 2018 کە بەهۆیەوە 35 کەس کوژران و دەیان کەسی دیکەش برینداربوون.
 
هەرچەندە زیاتر لە سێ ساڵە داعش لە عیراق خاکی بەدەستەوە نەماوە، بەڵام بەردەوام هۆشداری لە بەهێزبوونەوە و هەڵسانەوەی رێکخراوەکە دراوە. دوایین هۆشداریش لەلایەن فلۆرنێس پارلی، وەزیری بەرگریی فەرەنسا بوو کاتێك رۆژی 11ی ئەم مانگە رایگەیاند، خەریکە داعش لە عیراق و سووریا دروستدەبێتەوە.
 
دوای تەقینەوەکانی گۆڕەپانی تەیەران، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عیراق کە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عیراقیشە، لەگەڵ فەرماندە و بەرپرسە باڵاکانی ئەمنیی بەغدا کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکە بڕیاری گۆڕینی ژمارەیەک بەرپرس و فەرماندە درا.
 
لیوا یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی عیراقی راگەیاند، "بەهۆی دوو تەقینەوە خۆكوژییەكەی بەغدا مستەفا كازمی، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان، فەریق روكن عامر سەدام، بریكاری وەزیری ناوخۆی بۆ كاروباری هەواڵگری لە پۆستەكەی دوورخستەوەو فەریق ئەحمەد ئەبو رغێف لە شوێنی ئەو دانرا، هەروەها عەبدولكەریم عەبد فازڵ، بەڕێوەبەری گشتی هەواڵگری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری لە وەزارەتی ناوخۆ دوورخستەوە. حەمید شەتڕی، جێگری سەرۆكی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی كاروباری شانەی هەڵۆكان راسپارد".
 
بە وتەی یه‌حیا رەسوڵ، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان، فەریق قەیس محەممەداوی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی بەغدای گواستووەتەوە بۆ وەزارەتی بەرگری و لیوا روكن ئەحمەد سەلیمی لە شوێنی داناوە، سەرەڕای دووخستنەوەی فەریق روكن جەعفەر بەتات، فەرماندەی پۆلیسی فیدراڵی و دانانی فەریق روكن رائید جەودەت شاكر لە جێگەکەی. هەروەها دوورخستنەوەی باسم مەجید، بەڕێوەبەری بەشی هەواڵگری و ئاسایش لە ئۆپەراسیۆنەكانی بەغدا.
 


AM:08:51:22/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 4116 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت