کازمی ژمارەیەک بەرپرسی باڵای سەربازی لەپۆستەکانیان دوردەخاتەوە

‌ مستەفا کازمی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق

وێستگەنیوز-

مستەفا کازمی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق بەهۆکاری کەمتەرخەمیان لەئاسایشی ناوخۆی وڵات بڕیاریدا بەدورخستنەوەی فەرماندەی گشتی پۆلیسی فیدڕاڵی، بریکاری وەزیری ناوخۆ بۆ کاروباری هەواڵگری، فەرماندە و بەپرسی بەشی هەواڵگری ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی بەغدا لەپۆستەکانیان.

عەمید یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان لەراگەیەنراوێکدا رایگەیاند، لەسەر بڕیاری مستەفا کازمی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق بەهۆی روداوی دوو تەقینەوەی ئەمڕۆی بەغدا، بڕیادرا بەدورخستنەوەی فەریق روکن عامر سەدام لە پۆستی بریکاری وەزیری ناوخۆ بۆ کاروباری هەواڵگری و دانانی ئەحمەد ئەبو رغیف لەجێگەکەی.

ئاماژە بەوەشکراوە، هەروەها بڕیاردراوە بە  بەدورخستنەوەی ئەبو عەلی بەسری لەشانەی هەواڵگری و دانانی حەمید شتری لەجێگەکەی، هەروەها فەریق روکن قەیس محەمەداوی لەپۆستی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا دورخرایەوە و لیوا روکن ئەحمەد سەلیم لەجێگەکەی دەستبەکاردەبێت.
 
لەبڕیارەکەدا هاتوە، جەعفەر بەتات لەپۆستی فەرماندەی گشتی پۆلیسی فیدڕاڵی دوردەخرێتەوە و فەریق روکن رائد شاکر جەودەت لەجێگەکەی دەستبەکاردەبێت.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە دوو تەقینەوەیی خۆکوژی لەناوچەی  (الباب الشرق) و تەیەران لەبەغدا رویاندا و بەگوێرەی زانیارییەکان لەهەردو تەقینەوەکەدا 32 کەس کوژراون و 110 کەسی دیکەش بریبداربون.

سەرچاوە ئەمنییەکان ئاماژەیان بەوەکردوە، تەقینەوەکەی ئەمڕۆ لەرێگەی "پشتێنی بۆمبڕێژکراو"ەوە بووە و هەردوو روداوەکەش خۆکوژی بوون، بەجۆرێک دو بازاری میلـلیان کردوەتە ئامانج.

هـ.هـ


PM:11:30:21/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 2136 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت