بایدن وتارێک پێشکەش دەکات و بڕیاری نوێ دەدات

‌جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا

وێستگەنیوز-

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، لەسێ مانگی داهاتوودا 100 ملیۆن ژەمە ڤاکسینی کۆرۆنا بەسەر هاوڵاتیاندا بێ بەرامبەر دابەشدەکەن و رێوشوێنی نوێی نیشتیمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەگرنەبەر.

جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەوتارێکدا پلانی 100 رۆژی تەندروستی کابینەکەی راگەیاند و باسی لەوەکرد، ئیدارەی نوێ تیمی بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنای پێکهێناوە و لەهەنگاوی یەکەمدا ئامانجیان ئەوەیە رێژەی توشبوونی هاوڵاتیان بەپەتاکە کەمبکەنەوە، لەسەر ئەو بنەمایەش بڕیاری پابەندکردنی هاوڵاتیانیان بەبەستی دەمامک دەرکردوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەشێکی دیکە لەرێکارەکان پەیوەستن بەهاتنی هاوڵاتیانی دەرەوەی وڵات بەجۆرێک پێویستە پشکنین و کەرەنتینەکردن بۆ ئەو کەسانە بکرێت کە دێنە ناو ئەمریکا، ئامانج لەو هەنگاوانەش پاراستنی تەندروستی هاوڵاتیانە و دڵنیایی دەدەن لەوەی بەسەر کۆرۆنادا زاڵ دەبن.

ئەمڕۆش جێن پساکی، وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند،  جۆ بایدن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ئێوارەی ئەمڕۆ واژۆی لەسەر 15 فەرمانی سەرۆکایەتی کرد و لەوانەش هەڵوەشاندنەوەی بڕیارێکی پێشوی دۆناڵد ترەمپ کەتایبەت بو بە رێگریکردن لەگەشتی هاوڵاتیانی ژمارەیەک وڵاتی موسڵمان بۆ ئەمریکا، هەروەها بڕیاری کشانەوەی ئەمریکا لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی هەڵوەشێنرایەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆکی نوێی ئەمریکا واژۆی لەسەر فەرمانێکی دیکە کرد بۆ گەڕانەوەی ویلایەتە یەکگرتوەکان بۆ پابەندبون بە بنەماکانی رێککەوتنی پاریس بۆ کەش هەوا.

وتەبێژی کۆشکی سپی ئەوەشی خستەڕو، جۆ بایدن واژۆی لەسەر بڕیارێکی دیکە کردوە بۆ پابەندنکردنی بەستی دەمامک وەک رێکارێکی خۆپارێزی بەرامبەر ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ ماوەی 100 رۆژ. 


PM:11:00:21/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 3100 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت