75 ساڵ بەسەر دامەزراندنی کۆماری کوردستان لەمەهابدا تێپەڕدەبێت

‌راگەیاندنی کۆماری کوردستان لەمەهاباد

وێستگەنیوز-

سبەینێ 22ـی کانوونی دووەم 75 ساڵ بەسەر دامەزراندنی کۆماری کوردستان لەمەهابدا تێپەڕدەبێت کە له‌ رێکه‌وتی 2ی رێبه‌ندان( 22 كانونی‌ دووه‌می‌ ساڵی 1946) یه‌که‌م کۆماری کوردستان به‌به‌شداری‌ نوێنه‌رانی‌ پارچه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ كوردستان، له‌سه‌ر ده‌ستی قازی محه‌مه‌د له‌ مه‌یدانی چوارچرای مه‌هاباد به‌ هه‌ڵکردنی ئاڵای کوردستان راگه‌یه‌نرا و قازی بووه‌ سه‌رۆک کۆمار.

دوای راگەیاندنی کۆماری کوردستان كابینه‌ی‌ حكومه‌ت راگه‌یه‌نراو رایكردنی‌ كاروباری وڵات به‌شێوه‌ی فه‌رمی‌ ده‌ستیپێكردو هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ به‌فه‌رمی‌ دامه‌زرێنرا به‌جلوبه‌رگی‌ سه‌ربازی‌ تایبه‌ته‌وه‌.

قازی‌ محه‌مه‌د سەرۆک کۆماری کوردستان کوڕی قازی عه‌لی و کوڕه‌زای میرزا قاسمی قازی یه‌، له‌ ساڵی 1900ی زایینی له‌ بانه‌مه‌ڕی له‌ شاری مه‌هاباد، له‌دایكبووه‌. 

له‌ دوای‌ کۆچی دوایی باوکی، قازی محه‌مه‌د بووه‌ته‌ قازی شاری مه‌هاباد، دواتر له‌ ساڵی 1941 ده‌بێته‌ به‌رپرسی ئیداره‌ی فه‌رهه‌نگ و ئه‌وقافی شاری مه‌هاباد و هه‌ر له‌ ماوه‌ی به‌رپرسایه‌تییدا یه‌که‌م قوتابخانه‌ بۆ کچان داده‌مه‌زرێنێت.

قازی‌ محه‌مه‌د وه‌ك له‌ وه‌سیه‌ته‌كه‌یدا هاتووه‌ برایه‌تی‌ و یه‌كگرتویی كوردی‌ به‌ گرنگترین هۆی‌ سه‌ركه‌وتن داناوه‌.

له‌و ماوه‌یه‌دا كه‌ قازی‌ محه‌مه‌د سه‌رۆك كۆماری‌ كوردستان بوو، چه‌ندین جار گفتوگۆی‌ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ ئێران ئه‌نجامدا بۆ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كان، به‌ڵام گفتوگۆكان نه‌گه‌یشتن به‌ئه‌نجام و دواجار حكومه‌تی‌ ئه‌وكاته‌ی‌ ئێران له‌ساڵی‌ 1946  هێرشی‌ ده‌ستپێكرد بۆ روخاندنی‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ كۆماری‌ ئازه‌ربایجان و كۆماری‌ كوردستان.

هێزه‌كانی‌ حكومه‌ت پاش شه‌ڕێكی‌ كورت گه‌یشتنه‌ شاری‌ ته‌ورێزو كۆنتڕۆڵیان كرد، پاش هه‌ڵهاتنی‌ سه‌ركرده‌كانی‌ كۆماری‌ ئازه‌ربایجان بۆ سۆڤیه‌ت و ئه‌و كۆماره‌ روخێنرا. دواتر ئه‌و هێزانه‌ به‌ره‌و ناوچه‌ كوردییه‌كان كشان و ئامانجی‌ سه‌ره‌كیان شاری‌ مه‌هاباد بوو.

قازی‌ محه‌مه‌د ئه‌وكات فه‌رمانیدا خۆیان له‌شه‌ڕ بپارێزن به‌و پێیه‌ی‌ كه‌ نه‌هامه‌تی‌ گه‌وره‌ی‌ پێوه‌یه‌، به‌ڵام هێزه‌كانی‌ رژێمی‌ شا به‌رده‌وام بوون له‌شه‌ڕ.

به‌هاتنی ئه‌و هێزانه‌، بۆ ناوچه‌كانی‌ ژێر ده‌سه‌ڵای کۆماری کوردستان له‌ رێکه‌وتی 26ی سه‌رماوه‌زی 1325ی هه‌تاوی، کۆتایی به‌ ته‌مه‌نی  کۆماری کوردستان هات و پاش چه‌ند رۆژ له‌ کۆبوونه‌وه‌ی رێبه‌رانی حیزبی دیموکرات و کۆماری کوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رتیپ هومایوونی له‌ شاره‌داریی شاری مه‌هاباد 28 که‌س ــ له‌سه‌رووی هه‌موویانه‌وه‌ ــ پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د ده‌ستگیركران.

دادگایی کردنی پێشه‌وا قازی و هاوڕێیانی له‌ به‌فرانباری 1325ی هه‌تاوی (1947) به‌شێوه‌ی نهێنی ده‌ستی پێکرد. پێشه‌وا قازی له‌ دادگا به‌ وره‌ی‌ به‌رزه‌وه‌ به‌رگریی له‌ خۆی و کۆماری کوردستان و هه‌روه‌ها مافی نه‌ته‌وایه‌تیی گه‌له‌که‌ی کرد و ده‌سه‌ڵاتداران هه‌وڵی زۆریان دا که‌ قازی محه‌مه‌د بێننه‌ سه‌ر ئه‌و بـڕوایه‌ که‌ په‌شیمانی خۆی رابگه‌یه‌نێت. به‌ڵام پێشه‌وا ئه‌و داوایانه‌ی‌ ره‌تكرده‌وه‌و په‌تی‌ سێداره‌ی‌ هه‌ڵبژارد.

دواتر پێشه‌وا قازی و هاوڕێیانی سزای‌ سێداره‌یان بۆ ده‌ركراو به‌ره‌به‌یانی 31/3/1947، له‌ مه‌یدانی چوارچرای مه‌هاباد، ئه‌و شوێنه‌ی که‌ کۆماری تێدا راگه‌یه‌ندرابوو، له‌سێداره‌دران.

قازی‌ محه‌مه‌د به‌حه‌وت هه‌نگاو رێگه‌ی‌ به‌ره‌و په‌تی‌ سێداره‌ بڕی‌، داوایكرد له‌كاتی‌ له‌سێداره‌دانیدا چاوی‌ نه‌به‌ستن، تا به‌ سه‌ربه‌رزی‌ و چاوكراوه‌ییه‌وه‌ له‌ نیشتیمان بڕوانێت.

هـ.هـ


PM:09:18:21/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 1204 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت