رۆحانی: ترەمپ مرد و ئەمریكا شكستی هێنا


وێستگە نیوز- ‌هێڤار هیوا
حەسەن رۆحانی، سەرۆك كۆماری ئێران رایدەگەیەنێت، هێشتا رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ وڵاتانی جیهان بەردەوامە و ئەمریكا شكستی هێناوە، هەروەها بەهۆی سیاسەتە هەڵەكانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكاوە واشنتۆن بۆتە بنكەیەكی سەربازی پڕ لە ترس و دڵەراوكێ. 

بەپێی راپۆرتێكی ئاژانسی هەواڵی میهری ئێرانی، ئەمڕۆ حەسەن رۆحانی، سەرۆك كۆماری ئێران لە كۆبوونەوەیەكیدا لەگەڵ كابینەی حكومەتەكەیدا رایگەیاندووە، ئەمساڵ ساڵی سەركەوتن و بە دەستهێنانی دەستكەوتی گەورە دەبێت، كۆتایی دەسەڵاتی ترەمپیش نزیكە. 

رۆحانی ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەوەی ئەمرۆ دەسەڵاتی كۆتایی پێدێت دۆناڵد ترەمپە، تاكە میراتیەكیش كە لە پاش خۆی جێیدەهێڵێت دوو بەرەكی نێوان خەڵكی ئەمریكا و دورخستنەوەیەتی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، بەهۆی سیاسەتە هەڵەكانیشیەوە شاری واشنتۆنی پایتەخت بۆتە بنكەیەكی سەربازی و خەڵكی بە ترسەوە چاوەرێی هاتنی دەسەڵاتی نوێ دەكەن. 

رۆحانی روونیكردۆتەوە، ئەمریكا لە هەموو سیاسەتەكانی خۆی لەوانە پرسی فەڵەستین، رێككەوتنی ناوەكی و پرسی گەمارۆی چەك لەسەر ئێران  لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی شكستی هێنا و ئەوەش ماوەی دەوێت هەتا ئەو وڵاتە بگەڕێتەوە سەر دۆخی ئاسایی پێشووی. 

سەرۆكی ئێران جەختیشی كردۆتەوە، ئەگەر ئەمریكا بیەوێت بریارێك لەسەر ئێران  بدات، ئەوانیش بڕیارێك دەدەن و بێدەنگ نابن، بەڵام ترەمپ مرد و دەسەڵاتی نوێ دێت، رێككەوتنی ئەتۆمیش بەردەوامە و گفتوگۆكان لە رابردوو باشترە و وتی "ئەگەر دەسەڵاتی نوێی ئەمریكا مەیلی دانوستانی هەبێت، ئێمەش هەموو ئامادەییەكمان تێدایە".

لە پاش هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا لە بەرواری 3ی تشرینی دوومی 2020، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئێستای ئەمەریكا لە بەرامبەر جۆ بایدن، كاندیدی دیموكراتەكان شكستی هێنا و نەیتوانی چوار ساڵی دیكە لە كۆشكی سپیدا بمێنێتەوە. وا بریاریشە ئەمشەو جۆ بایدن، سەرۆكی نوێی هەڵبژێردراوی ئەمریكا دەسەڵات بگرێتە دەست و سوێندی یاسایی بخوات.


PM:05:23:20/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 1492 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت