گۆڕان ئێران تۆمه‌تبار ده‌كات به‌ ده‌ستخستنه‌ نێو كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی‌

‌"ئێران سه‌رگه‌رمی‌ نانه‌وه‌ی‌ پشێوییه‌ له‌ناو بزوتنه‌وه‌كه‌و به‌هه‌موو هه‌وڵێكی‌ سه‌رگه‌رمی‌ لاوازكردنێتی‌"


وێستگە نیوز-

سەرچاوەیەكی‌ بەرپرس لەبزوتنەوەی‌ گۆڕان، ئەمرۆ چوارشەممە، ڕایگەیاند كە ئێران لەرێگەی‌ چەند كەناڵێكی‌ ناوخۆی هەرێمی‌ كوردستان دەستی خستۆتە نێو كێشە ناوخۆییەكانی‌ بزوتنەوەكە.

سەرچاوەكەی بزوتنەوەی‌ گۆڕان تایبەت بەوێستگە نیوزی‌ ڕاگەیاند كه لەو ڕۆژەوەی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان داوای‌ ئێرانی‌ ڕەتكردۆتەوە بۆ بەڕێوبردنی‌ هەرێمی‌ كوردستان بەگشتی‌ و سلێمانی‌ بەتایبەتی‌ و نەچۆتە ژێر ڕكێفی‌ بڕیارەكانییەوە، ئەو وڵاتە سەرگەرمی‌ نانەوەی‌ پشێوییە لەناو بزوتنەوەكەو بەهەموو هەوڵێكی‌ سەرگەرمی‌ لاوازكردنێتی‌.

سەرچاوەكە وتی‌"نەوشیروان مستەفا رێكخەری‌ پێشووی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان شێوازی‌ ئێرانییانەی‌ بۆ بەرێوەبردنی‌ سلێمانی‌ ڕەتكردۆتەوەو پێی وتوون‌ گۆڕان ناكەوێتە ژێر باری‌ داواكارییەكانی‌ ئێرانەوه، بۆیە لەدوای‌ مەرگی‌ كاك نەوشیروانیش پرنسیپی‌ ئیرادە جێ‌ بەجێ‌ دەكەین و گۆڕان ناخەینە باوەشی‌ هیچ دەوڵەتێكەوە‌، تامی‌ ئەو باجەشمان كردووەو ئامادەشین سەری‌ لەرێ دانێین".

سەرچاوەكە ڕایگەیاند "لەو رۆژەوە ئێران هەوڵی‌ ئەوە دەدات كە بزوتنەوەكە لاواز بكات، لەرێگەی‌ كەناڵەكانی‌ خۆیەوە لەهەرێمی‌ كوردستان بەشێوازی‌ جۆراو جۆری‌ ئێرانیانە دەستی‌ خستۆتە نێو كێشە ناوخۆییەكانی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان".

سەرچاوەكە تیشكی‌ خستە سەر ئەوەی‌ هەندێك بەئاگاداری‌ و هەندێكی‌ تریش بەبێ‌ ئاگاداری‌ كەوتونەتە نێو پلانی‌ ئێِرانیانەوە بۆ خستن و وەلا نانی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان و لەو نێوەندەشدا چەند كادرێكی‌ دڵسۆزی‌ بێ‌ ئاگاو "چەند كادرێكی‌ تری ئاگاداری‌ نابەرپرسیارو خۆفرۆش كەوتونەتە داوی‌ سیاسەتی‌ ئێرانەوە‌ لەهەرێمی‌ كوردستان و عێراق.

سەرچاوە گۆڕان وتی‌"ئایندە دەریدەخات، ئەوەی‌ لەناو بزوتنەوەی‌ گۆڕان ئێستا دەگوزەرێ‌ چی‌ بوو؟ ئایا لەپێناو چاكسازی‌ بووە یان لەپێناو پۆست و پارە، ئێوە چاوەڕوانبن و چاودێربن بەسەر دۆخەكەوە".

وێستگە نیوز لەبەر هەستیاری‌ دۆخی‌ بزوتنەوەكە داوای‌ لێكرا ناوی‌ سەرچاوەكە نەهێنێت.

هەفتەی‌ ڕابردوو دوو ئەندامی‌ دیاری‌ خانەی‌ ڕاپەڕاندن، عەدنان عوسمان سكرتێری‌ جڤاتی‌ نیشتیمانی‌ و وتەبێژی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان و شەماڵ عەبدولوەفا ئەندامی‌ خانەكە دەستلەكاركێشانەوەیان ڕاگەیاند، ئەمە جگە لەوەی‌ كۆی‌ فراكسێۆنەكەیان لەبەغدا بەهیچ جۆرێك ناگەڕێنەوە بۆ بڕیارەكانی‌ بزوتنەوەكە و هەروەها فراكسێۆنی‌ پەرلەمانی‌ كودستانیش شەق بووە.



PM:03:53:20/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 13544 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت