ناوه‌ڕۆكی‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی‌ سەرۆکی‌ هەرێمی‌ کوردستان و وەزیری‌ بەرگریی‌ تورکیا


وێستگه‌ نیوز-
 نیوەڕۆی‌ ئەمڕۆ سێشەممە نێچیرڤان بارزانی‌، سەرۆکی‌ هەرێمی‌ کوردستان، پێشوازی‌ لە  خلوسی‌ ئاکار، وەزیری‌ بەرگریی‌ تورکیا و شاندێکی‌ یاوەری‌ کرد.


به‌پێی‌ راگەیەندراوی سەرۆکایەتی هەرێم، لەکۆبونەوەیەکدا کە جێگرانی‌ سەرۆک، وەزیری‌ پێشمەرگە، سوپاسالاری‌ هەرێمی‌ کوردستان و بەرپرسی‌ فەرمانگەی‌ پەیوەندییەکانی‌ دەرەوەی‌ هەرێمی‌ کوردستان، ئامادەی‌ بون، باس لە سەردان و دیدارەکانی‌ وەزیری‌ بەرگریی‌ تورکیا لە بەغدا و هەولێر کرا و هەردوولا جەختیان لە پاراستنی‌ ئارامی‌ و سەقامگیری‌ لە ناوچەکە و گرنگیی‌ هاوکاری‌ و هەماهەنگیی‌ عێراق و هەرێمی‌ کوردستان لەگەڵ تورکیا بۆ پارستنی‌ سەقامگیریی‌ ناوچەکە کردەوە.

ئه‌وه‌ش هاتووە، نێچیرڤان بارزانی وێڕای‌ سوپاسکردنی‌ تورکیا بۆ هاوکارییەکانی‌ لە شەڕی‌ دژی‌ داعشدا بۆ عێراق و هەرێمی‌ کوردستان، دوپاتیکردەوە کە ناکرێت خاکی‌ عێراق و هەرێمی‌ کوردستان وەک پێگەیەک بۆ هەڕەشەکردن لە تورکیا و وڵاتانی‌ دراوسێ بەکار بهێنرێت و هیوای‌ خواست لەمبارەیەوە عێراق ئەرکی‌ خۆی‌ جێبەجێ بکات، هەروەها شاندی‌ میوانی‌ دڵنیا کردەوە کە هەرێمی‌ کوردستان وەک هەمیشە فاکتەرێکی‌ ئارامی‌ و سەقامگیریی‌ ناوچەکە دەبێت.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكردووه‌، پەرەپێدان بە پەیوەندییەکانی‌ عێراق و هەرێمی‌ کوردستان لەگەڵ تورکیا لە هەمو بوارەکاندا، پەیوەندییەکانی ھەولێر ـ بەغدا و کێشەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسی و شەڕی داعش، بوارەکانی‌ هاریکاری‌ و هەماهەنگیی‌ نێوان هەردوولا، دۆخی‌ ناوچەکە بەگشتی‌، ڕێککەوتنی‌ شەنگال و گرنگیی‌ جێبەجێکردنی‌، گرنگیی‌ پاراستنی‌ سنورەکان و ئاسایشیان، پەیوەندییەکانی‌ عێراق و هەرێمی‌ کوردستان لەگەڵ تورکیا، چەند تەوەرێکی‌ دیکەی‌ کۆبونەوەکە بوون.




PM:06:41:19/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 1012 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت