عیراق بەکارهێنانی دوو ڤاکسینی دیکەی دژە کۆرۆنای پەسەند کرد

‌فۆتۆ: گێتی

وێستگە نیوز ـ ‌
وەزارەتی تەندروستی عیراق بڵاویکردەوە، بەکارهێنانی هەریەک لە ڤاکسینی ئیسترازینکای ئۆکسفۆردی بەریتانی و سینۆفارمی چینی بەشێوەی کتوپڕ بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا پەسەند کرد.

ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی تەندروستی عیراق لە راگەیاندراوێکیدا رایگەیاند، دەستەی نیشتیمانی بۆ پەسەندکردنی دەرمان بەکارهێنانی ڤاکسینی دژە کۆرۆنای ئیسترازینکای بەریتانی و سنۆفارمی چینی پەسەندکرد.

پێشتر، دەستەکە بەکارهێنانی ڤاکسینی فایزەری پەسەندکرد. بەم پەسەندکردنەش عیراق دەتوانێت سێ جۆر ڤاکسینی دژە کۆرۆنا هاوردەبکات و بەشێوەیەکی فەرمی بەکاربهێندرێن.

لە کۆتایی ساڵی 2020 حکومەتی بەریتانیا بەکارهێنانی ڤاکسینی ئیسترازینکا کە لەلایەن زانایانی زانکۆی ئۆکسفۆردەوە بەرهەمهێندرا پەسەندکرد.

ئەمە لەکاتێکدایە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تا ئێستا لە عیراق 609 هەزار و 29 کەس تووشی کۆرۆنابوون و لەو ژمارەیەش 12 هەزار و 953 کەس گیانیان لەدەستداوە و 571 هەزار و 198 کەس چاکبوونەتەوە، بەمەش  93.8% تووشبوان چاکبوونەتەوە.


PM:01:20:19/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 1264 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت