هەڵوێستی بنەماڵەی كەریم كابان لەسەر هێلین ئاوات ئاشكرابوو
وێستگە نیوز-
بنەماڵەی هونەرمەندی كۆچكردوو كەریم كابان رایانگەیاندووە، ئەوان هیچ كێشەیەكیان لەكچە میدیاكار هێلین ئاوات نییە و داوای یاساییان لەسەری تۆمار نەكردووە.
توانا حەمە، موزیسیانی ناسراو لەفەیسبووكی خۆیەوە نووسیویەتی "وەكو خەمخۆرییەكی سلێمانیانە، پەیوەندییەكی تەلەفونیم لەگەڵ ھونەرمەند شوان كابان، كوڕی ھونەرمەندی گەورە كەریم كابان ئەنجامدا، وەكو ئەركی مۆڕاڵیم، پێم راگەیاندن كە ئەگەر (داوای یاسایتان) لەسەر ئەو میدیاكارە ھەیە، وەك گەورەیی ناوی كابان بكشێننەوە، چونكە گەر (ھەڵەیەك)یش كرا بێت، پێویست ناكات بەو رادەیە (كچۆڵەیەكی تازە پێگەشتوو) ببرێتە بەردەمی دادگا، لە كاتدا كلتوری ئێمە پڕ پڕ لە ماندوێتی و پێویستە ئارام بگرین و گەورەی بەرامبەر بەیەكدی بنوێنین".
ناوبراو وتویەتی "شوان كابان پێی راگەیاندم كە ھیچ داوایەكی یاساییان لەسەر ئەو كەسە نییە و ئێمە ھەمیشە ئەو كەسانە دەبەخشین و پێشمان ناخۆشە كە ئەوە رویداوە، بەڵام سەندیكا و كۆمەڵێك ھونەرمەندی ئازیز نیگەران بوون و (داوای یاساییان تۆماركردووە، وابزانم دواتر كشاندویانەتەوە)، بەڵام وەك بنەماڵەی كابان ھیچ داوایەكی یاسایمان لەسەر ئەو كەسە تۆمار نەكردووە، ئەویش منداڵی ئەم میللەتەیە و ھەڵەیەك گەر ھەبووبێ چاو پۆشی لێدەكەین، تا كۆمەڵگاكەمان ھێندەی تر پڕ نەبێ لە رق و كینە و تۆڵە".
وەك توانا حەمە دەڵێت "شوان كابان سوپاسی ئەو كەسانەی كردووە كە ناڕازی بون لەو مەسەلەیە و ھەڵوێستی جۆراوجۆریان نواندوە، ئەوانیش نایشارنەوە كە ئەو حاڵەتەیان لە كۆن و ئێستا و ئایندەش ھەر پێ ناخۆش بووە كە ناو ناتۆرە لەھەر كەسێك بنرێت. بەڵام ھەمیشە بەخشندەیی، پیشەی بنەماڵەی كابانەكانە".
لەچەند رۆژی رابردوودا كچە میدیاكار و مۆدێل هێلین ئاوات لەلایڤێكدا وتبووی "كچەكانی دیكە دەڵێن چەندین ئوتومبیلی گرانبەهامان بەدیاری بۆ دێت، منیش دەڵێت سواری (ماتۆڕێكی سێ تایە) كەریم كابان دەبم و تەماتە دەفرۆشم".
ئەو قسەیە هەرایەكی گەورەی نایەوە و سەندیكای هونەرمەندان سكاڵای یاساییان لەسەری تۆماركرد بەتۆمەتی ناوزڕاندن بەهونەرمەندی كۆچكردوو كەریم كابان، دوێنێش ئەو میدیاكارە لەلایەن پۆلیسی سلێمانییەوە دەستگیركرا و ئەمڕۆ بەكەفالەت ئازادكرا.
PM:07:31:18/01/2021
ئهم بابهته 15624
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت