دوو وەزارەتی حكومەتی هەرێم بەفەرمی دەست بەئامادەكردنی بودجە دەكەن



وێستگە نیوز-
وەزارەتەكانی پلاندانان و دارایی و ئابوری، بەفەرمی دەستیلن بەئامادەكاری بۆ داڕشتنی پڕۆژە یاسای بودجەی ئەمساڵ كردووە و وەزیری پلاندانانیش دەڵێت، هەبوونی بودجە كارئاسانی زۆر دەكات بۆ خەرجی و داهاتەكانی حكومەت.

ئەمڕۆ لەوەزارەتی پلاندانانی حكومەتی هەرێم، بەسەرپەرشتی د.دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانان، هەردوو وەزارەتی پلاندانان و دارایی و ئابوری كۆبوونەوەیەكیان بۆ ئامادەكردنی پڕۆژە یاسای بودجەی ئەمساڵی هەرێم ئەنجامدا.

د.دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانان رایگەیاندووە، لەو كۆبوونەوەیەدا باس لە خشتەی هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتەكان و ئەنجامدانی كۆبونەوە لەهەفتەی داهاتوو لەگەڵیان كرا بەمەبەستی دارشتنی كاری هاوبەش و ئامادەكردنی بودجەی ساڵی ۲٠۲۱.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە، كە داوای لێكردوون پەلەبكەن بۆ دانانی میكانیزمەكانی دارشتنی بودجەی بەكاربەر و بودجەی وەبەرهێنان كە هەردوو وەزارەتی پلاندانان و دارایی بەو ئەركە هەڵدەستن، چونكە سەرباری ئەوەی ماوەی چەندین ساڵە هەرێمی كوردستان بەبێ بودجەیە، بەڵام بەهەبوونی بودجە بۆ ساڵی ۲٠۲۱ كارئاسانی زۆر دەكات بۆ خەرجی و داهاتەكانی حكومەت و هەوڵدان بۆ خزمەتكردنی زیاتری هاوڵاتیان.


PM:07:00:18/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 2616 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت