پەرلەمانتارێكی یەكێتی داوا دەكات بودجە بۆ كەركوك تەرخان نەكرێت


وێستگە نیوز-

پەرلەمانتارێكی یەكێتی لەپەرلەمانی عێراق داوا دەكات بودجە بۆ پارێزگای كەركوك تەرخان نەكرێت ئەوەش بەهۆی ئیدارەی شارەكە "نغرۆی گەندەڵی" بووە.

رێبوار تەها، پەرلەمانتاری یەكێتی لەپەرلەمانی عێراق لەفەیسبووكی خۆی نووسیویەتی "كەركوك شایستەی دارایی بۆچییە؟" رەنگە لەكاتی خوێندنەوەی ئەو دێڕە ناونیشانەی سەرەوە ھەموان ھەست بەئازار بكەین و بڵێین ئاخۆ كەركوك شایەنی ئەوە نییە لەبودجەی عێراقدا شایستەی دارایی بۆ تەرخان بكرێت؟!".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "بەڵێ كەركوك و دانیشتوانە ڕەسەنەكەی شایەنی ھەموو جۆرە خزمەتكردنێكن، بەڵام دابینكردنی بودجە و خستنە دەست ئیدارەیەكی نغرۆ لە گەندەڵی ڕەتدەكەینەوە، ئیدارەیەك بە عەقڵییەتێكی ھێندە دواكەوتوو بیربكاتەوە و دادپەروەر نەبێ لەگەیاندنی خزمەتگوزاری بە پێكھاتە و ناوچە جیاوازەكانی شارەكە، شایەنی ئەوە نیە بودجەیەكی زەبەلاحی بخرێتە بەردەست و بەئارەزووی خۆی تەخشان و پەخشانی بكات".

لێدوانی ئەو پەرلەمانتارەكەی یەكێتی لەكاتێكدایە، پەرلەمانی عێراق ماوەی زیاتر لەهەفتەیەكە سەرقاڵی خوێندنەوەی پڕۆژە یاسای بودجەی ئەمساڵی عێراقە.


PM:06:36:17/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 2516 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت