وێستگەنیوز زانیاری نوێ لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی هەرێم بڵاودەکاتەوە


وێستگەنیوز-

دوای شەش ساڵ لەنەبوونی یاسای بودجە و راییکردنی چوارچێوەی دارایی بەبڕیار و رێنمایی حکومەت و وەزارەتی دارایی، بڕیارە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەکۆتایی مانگی شوبات پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 ئامادە بکات و رەوانەی پەرلەمانی بکات بۆ پەسەندکردنی.

ئەرشەد حسێن، ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی کوردستان بەوێستگەنیوزی راگەیاند، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان وەزارەتی دارایی و وەزارەتی پلاندانانی راسپاردوە بۆ نوسینەوەو ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021ی هەرێم و لەئێستادا حکومەت سەرقاڵی ئامادەکردنی رەشنوسی پڕۆژەکەیە.

ئاماژەی بەوەشکرد، پڕۆژەیاسای بودجە بڕیارە تاکۆتایی مانگی شوبات تەواوبکرێت و دوای پەسەندکردنی لەئەنجومەنی وەزیران رەوانەی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت، پەرلەمانیش لەسەرەتای مانگی ئازار کەدەستپێکی خولی بەهارەیە یەکەم پڕۆژەیاسا کاری لەسەر بکات پڕۆژەی بودجە دەبێت.

پەیوەست بەهەنگاوەکانی ئامادەکردنی بودجەش سەرچاوەیەکی بەرپرس لەوەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بەوێستگەنیوزی راگەیاند، وەزارەتی دارایی لەهەردوو سەرچاوەکانی داهاتی کە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی پلاندانانە رووبەڕووی گرفت بووەتەوە، بەوپێیەی ماوەی 7 ساڵە هیچ داتایەکی خەرجی و داهاتەکانی ئەو دوو وەزارەتە و زۆرینەی وەزارەتەکانی بۆ نەگەڕاوەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەسەر ئەو بنەمایە ئامادەکردنی بودجەیەکی "تەخمینکراوی کەبنەمای زانستی نەبێت بەئەستەم" دەزانن.

7ـی ئەم مانگەش جوتیار عادل وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، له‌كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا وه‌زیرانی پلاندانان و دارایی كۆمه‌ڵێك پێشنیاریان پێشكه‌شكردوە، كه‌ باس له‌داهاته‌كان و رێكخستنیان ده‌كات له‌چوارچێوه‌ی پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2021دا، حكومه‌ت بڕوای به‌وه‌یه‌ ئه‌م جۆره‌ پرۆژه‌یاسایانه‌ بۆ به‌دیهێنانی شه‌فافیه‌ت و دادپه‌روه‌ری بێت، له‌و روه‌شه‌وه‌ به‌ر له‌ زیاتر له‌مانگ و نیوێك هه‌ردوو وه‌زاره‌ته‌كه‌ی راسپاردبوو.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، پرۆژه‌یاسای بودجه‌ په‌یوه‌ندی به‌رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا نیه‌، به‌ڵكو له‌سۆنگه‌ی بڕوابونمانه‌ به‌شه‌فافیه‌ت و دادپه‌روه‌ری و هه‌موو حكومه‌تێكیش ده‌بێت پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی هه‌بێت و بزانێت داهاتی چه‌نده‌ و چۆن خه‌رجی ده‌كات.

هـ.هـ


AM:08:58:17/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 4492 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت