لاهور شێخ جه‌نگی: پپشتیوانیی یه‌كێتیمان بۆ تێپه‌ڕاندنی پشكی كورد له‌ یاسای بودجه‌دا بۆ كازمی دوپاتكرده‌وه‌

‌مستەفا کازمی و لاهور شێخ جەنگی

وێستگه‌ نیوزـ

هاوسه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق كۆبوه‌وه‌ و له‌ لاپه‌ڕه‌ی فه‌رمیی خۆی رایگه‌یاندوه‌ كه‌ پشتیوانیی حزبه‌كه‌یان بۆ تێپه‌ڕاندنی پشكی كورد له‌ یاسای بودجه‌ی 2021دا دوپاتكردوه‌ته‌وه‌.

لاهور شێخ جه‌نگی، هاوسه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ لاپه‌ڕه‌ی فه‌رمیی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبوك رایگه‌یاندوه‌ كه‌ ئەمڕۆ شه‌ممه‌ لە شاری بەغدا لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عیراق کۆبوه‌تەوە و گفتوگۆیان دەربارەی دوا پێشهات و گۆڕانکارییە سیاسی و ئابوری و ئەمنییەکان و پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عیراقدا كردوه‌.

لاهور شێخ جه‌نگی رایگه‌یاندوه‌ "پشتیوانی یەکێیتیی نیشتیمانیی کوردستان-مان دوپات کردەوە بۆ تێپەڕاندنی ئەو بڕگە یاساییەی کە تایبەتە بە پشکی کورد و شایستە داراییەکانی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی2021 لە پێناو چارەسەرکردنی بژێوی ژیانی هاوڵاتیان و دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم. هاوکات داواشمانکرد کە پشکی جوتیارانی هەرێم لەبەرچاو بگیرێت و وەک بەڵێنیان پێدرابوو کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکرێت. "

له‌سه‌ر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عیراق، هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی جه‌ختی كردوه‌ته‌وه‌ لەسەر ڕەخساندنی زەمینەیەکی گونجاو کردەوە بە هەوڵی هەموو لایەنەکان و ڕامانگەیاند کە هەر بڕیارێک لەلایەن حکومەت و کۆمسێۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە بدرێت و رایگه‌یاندوه‌ "وەک یەکێتیی پشتیوانی دەکەین بۆ تەواوکردنی ئامادەسازییەکان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و سەرکەوتنی پرۆسەکە و داوامان کرد سەرۆک وەزیران ڕۆڵی هەبێت لە دابینکردنی ئاسایش و پاراستنی ئارامیی زیاتر لە ناوچە دابڕێندراوەکان."

لاهور شێخ جه‌نگی سوپای مسته‌فا كازمیی كردوه‌ بۆ ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی كه ‌پێی داوه‌ و نوسیویه‌تی "سوپاسی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عیراق دەکەم کە بەڵێنیدا هاوکار و پشتیوان بێت و هەوڵەکانی چڕ بکاتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە پێناو سەقامگیریی عیراق و پاراستنی مافی هاوڵاتیین لە چوارچێوەی دەستوری عیراق. "


PM:10:21:16/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 760 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت