سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و ئەنجومەنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان کۆبوونەوە


وێستگەنیوز-
سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان بەمەبەستی تاوتوێکردنی دواین ئامادەکارییەکانی پرۆسەی هەڵبژاردن و پێشنیازی دواخستنی پرۆسەکە بۆ دوای مانگی ئەیلولی ئەمساڵ بەهۆی تەواونەکردنی ئامادەکارییەکان، لەکۆبوونەوەدان.

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە لەبەغدا بەبەشداری د.بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمار، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران و محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لەبەغدا کۆبوونەوە، بەمەبەستی تاتوێکردنی هەڵبژاردنی پێشوەخت.

ئامانجی سەرەکی کۆبوونەوەکە پرسی ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆنە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت و ئەگەری دواخستی پرۆسەکە بەهۆی تەواونەکردنی ئامادەکارییە هونەری و لوجستییەکان.

ئەمڕۆش عەبدولحسێن هینداوی، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری هەڵبژارن رایگەیاند، تائێستا هیچ وادەیەک نیە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن کەبڕیارە 6-6-2021 بەڕێوەبچێت و لەو هەڵبژاردنەشدا تەنها لەرێگەی بایۆمەترییەوە هاوڵاتیان دتوانن دەنگ بدەن.

عەبدولحسێن هینداوی لەلێدوانێکی رۆژنامەنوسیدا باسی لەوەشکرد، دەنگۆی دواخستنی هەڵبژاردنەکان بەهۆی تەواونەکردنی ئامادەکارییە هونەری و لوجستییەکان هیچ بنەمایەکی نیە و لەئێستادا کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان سەرقاڵی بەکارهێنانی دواین تەکنەلۆژییای سەردەمە بۆ تەواوکردنی رێکارەکان لەوانەش دەنگدان تەنها لەرێگەی بایۆمەترییەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمسیۆن لەئێستادا گرێبەستی کردوە بۆ کڕینی پێداویستی تایبەت بە هەڵبژاردنەکان و سێ لایەنیش چاودێری پرۆسەی دەنگدان دەکەن لەرۆژی هەڵبژاردندا کەبریتین لە نوێنەری پارتەکان، رێکخراوەکان و نوێنەری نێودەوڵەتی.

پێشوتریش مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاندبوو،  حکومەت پابەندە بە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا کە 6ـی حوزەیرانی ساڵی داهاتووە، بۆیە داوای لە ئەندامانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق کردوە داواکارییەکانیان بۆ سەرپەرشتیکردنی پرۆسەکە ئاڕاستەی حکومەت بکەن.

هـ.هـ


PM:09:19:14/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 4548 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت