وێستگەنیوز زانیاری نوێ لەبارەی پرسی دواخستنی هەڵبژاردنەکان دەخاتەڕو


وێستگەنیوز-

هەرچەندە ئەمڕۆ حکومەتی عێراق رەتیکردەوە پرۆسەی هەڵبژاردنەکان دوابخرێت کەبڕیارە 6-6-2021 بەڕێوەبچێت، بەڵام کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بەهۆی تەواونەبوونی ئامادەکارییەکان باوەڕی وایە ناتوانرێت لەماوەی شەش مانگدا ئامادەکاری بۆ پرۆسەکە بکرێت، لەسەر ئەو بابەتەش سێ سەرۆکایەتییەکە و لایەنەکان کۆدەبنەوە.

جەمال کۆچەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بەوێستگەنیوزی راگەیاند، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لایەنەکانی ئاگادار کردوەتەوە کەئەگەر هیچ کێشەیەک نەیەتە بەردەمیان و بەبێ وەستان کاربکەن لەوانەیە لەو وادەی دیاریکراودا بتوانن هەڵبژاردن ئەنجام بدەن، بەپێچەوانەوە هەڵبژاردنەکە لەوادەی یاسایی خۆی دوادەکەوێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەسەر ئەوبنەمایەش سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و سەرۆک و نوێنەری لایەنە سیاسییەکان کۆدەبنەوە و پرسی دواخستن یان بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکە لەوادەی خۆیدا تاوتوێ دەکەن.

ئەمڕۆش عەبدولحسێن هینداوی، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری هەڵبژارن رایگەیاند، تائێستا هیچ وادەیەک نیە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن کەبڕیارە 6-6-2021 بەڕێوەبچێت و لەو هەڵبژاردنەشدا تەنها لەرێگەی بایۆمەترییەوە هاوڵاتیان دتوانن دەنگ بدەن.

عەبدولحسێن هینداوی لەلێدوانێکی رۆژنامەنوسیدا باسی لەوەشکرد، دەنگۆی دواخستنی هەڵبژاردنەکان بەهۆی تەواونەکردنی ئامادەکارییە هونەری و لوجستییەکان هیچ بنەمایەکی نیە و لەئێستادا کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان سەرقاڵی بەکارهێنانی دواین تەکنەلۆژییای سەردەمە بۆ تەواوکردنی رێکارەکان لەوانەش دەنگدان تەنها لەرێگەی بایۆمەترییەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمسیۆن لەئێستادا گرێبەستی کردوە بۆ کڕینی پێداویستی تایبەت بە هەڵبژاردنەکان و سێ لایەنیش چاودێری پرۆسەی دەنگدان دەکەن لەرۆژی هەڵبژاردندا کەبریتین لە نوێنەری پارتەکان، رێکخراوەکان و نوێنەری نێودەوڵەتی.

پێشوتریش مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاندبوو،  حکومەت پابەندە بە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا کە 6ـی حوزەیرانی ساڵی داهاتووە، بۆیە داوای لە ئەندامانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق کردوە داواکارییەکانیان بۆ سەرپەرشتیکردنی پرۆسەکە ئاڕاستەی حکومەت بکەن.

هـ.هـ


PM:08:37:14/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 4500 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو