وتەبێژی گۆڕان لەسەر گردبوونەوەی ژمارەیەك هەڵسوڕاوی ناڕازیان هاتە دەنگ


وێستگە نیوز-
عەدنان عوسمان وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت، ئەركی خانەو ئۆرگانەكانی گۆڕانە گوێ لە رەخنەو سەرنج و دیدگای جیاوازی هەڵسوڕاوان بگرێت و هەنگاوی دروست و ئسوڵی لە پێناو بەهێزكردن و هەستانەوەی گۆڕان دەرگاكردنەوەیە بەڕووی دیالۆگێكی ناوخۆیی بەرهەمدار و بێمەرج.  

عەدنان عوسمان، وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان لەفەیسبووكی خۆی نووسیویەتی "ئەمڕۆ كۆمەڵێك هەڵسوڕاوی زەحمەتكێشی دڵسۆز ویستیان سەردانی گۆڕی كاك نەوشیروان بكەن و لەوێوە پەیامێك ئاراستەی خانەی راپەڕاندن بكەن، بەداخەوە بەدەر لە ویستی ئێمە رێگەیان پێنەدرابوو ویستەكەیان جێبەجێ بكرێت".  

ناوبراو ئاماژەی بەوەشكردووە "ئەركی خانەو ئۆرگانەكانی گۆڕانە گوێ لە رەخنەو سەرنج و دیدگای جیاوازی هەڵسوڕاوان بگرێت. هەنگاوی دروست و ئسوڵی لە پێناو بەهێزكردن و هەستانەوەی گۆڕان دەرگاكردنەوەیە بەڕووی دیالۆگێكی ناوخۆیی بەرهەمدار و بێمەرج".  

سەبارەت بەبەیاننامەی ئەو ژمارە هەڵسوڕاوە ناڕازییە، عەدنان عوسمان روونیكردەوە "وەك دەستخۆشیەك بۆ ئەو دەستپێشخەری و خەمخۆریەی ئەو هەڵسوڕاوە ئازیزانە، سەرباری تێبینیم لەسەر هەندێ بڕگەی بەیانەكەیان، بەو هیوایەی گۆڕان و رابەرایەتیەكەی، دەست بگرێت بەو نەریتە نەوشیروانیە قوڵەی رێزگرتن لە جیاوازیەكان، دەرگا دانەخستن بەروی بۆچون و ئیجتیهادی تر".  

ئەمڕۆ ژمارەیەك هەڵسوڕاوی گۆڕان كە خۆیان وەك ناڕازییەكانی بزوتنەوەكە ناساند ناڕەزایی خۆیان بەرامبەر سیاسەتەكانی ئێستای بزوتنەوەكە ئاشكراكرد و داوای دەستلەكاركێشانەوەی بەرپرسانی بزوتنەوەكە دەكەن.    


PM:07:39:14/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 4456 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو