هۆشیار عەبدوڵا: سەبارەت بە پشكە بودجەی هەرێم، شیعەكان دوو پەیامیان ناردووە


وێستگە نیوز-
پەرلەمانتارێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، فراكسیۆنە شیعیەكان بە فەرمی دوو پەیامیان پێگەیاندوون بۆ چۆنیەتی تێپەڕاندنی پشكە بودجەی هەرێم، جەختیشیكردەوە لەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی جێگیر دەكرێت.

هۆشیار عەبدوڵا، پەرلەمانتاری لیژنەی دارایی و ئابوری لەپەرلەمانی عێراق بەدەنگی ئەمەریكای راگەیاندووە، لەناو لیژنەكەیان هیچ گفتوگۆیەك بۆ دابەزاندنی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار نەكراوە، ئەو نرخەی وەزارەتی دارایی و بانكی ناوەندی دیاریان كردووە، وەك خۆی دەمێنێتەوە، چونكە ئەو مەسەلە لە سەڵاحیاتی پەرلەمان نییە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد، ئەوان داوایان كردووە داتاكی وەزارەتی پلاندانان جێگیربكرێت كە ڕێژەی هەرێم دەكاتە نزیكەی 14%، بەڵام ئایا ئەم ڕێژەی 14% ە، دەتوانێ دەستكاری پشكی هەرێم بكات، ئەمە قورسە.

هۆشیار عەبدوڵا وتویەتی "بەگوێرەی دەسەڵاتی پەرلەمان بۆ گفتوگۆكردن لەسەر بودجە، ئێمە تەنها توانای دابەزین و گواستنەوەمان هەیە، ئەم پشكە، پێویست بوو وەزیرە كوردەكان لە ئەنجومەنی وەزیران پێش ناردنی بۆ پەرلەمان، گفتوگۆیان لەسەر بكردایە، ئێمە ئێستا لەهەوڵداین، لانیكەم داتاكانی وەزارەتی پلاندانان جێگیر بكەین، ئینجا كێشە كە دێتە بەردەم پشكی هەرێم، پەیوەست نیە بە 12,67، بەڵكو پەیوەستە بە داهاتی هەرێم، كە ئایا هەرێم بەچی ڕادەیەك، بەشداری لە سەلەی ئیتیحادی و زیادكردنی ئیرادی عێراق دەكات".

ناوبراو دەڵێت "فراكسیۆنە شیعیەكان بەڕوونی دوو پەیامیان پێگەیاندوون، سەبارەت بە پشكە بودجەی هەرێم، كە بریتی بوون لە: جێگیركردنەوەی ئەو دەقەی لە یاسای قەرزی داراییدا هاتبوو، یاخود داوای هەموو دۆسیەی نەوتی هەرێم دەكەن بە هەموو ئیلتیزامات و كێشەكانی سەری".

پەرلەمانتارەكەی لیژنەی دارایی روونیكردۆتەوە، تا ئێستا هیچ پەیام و یاداشتێكیان لە هەرێمەوە پێنەگەیشتووە، بەڵام لێدوانی بەرپرسانی هەرێم، ئاماژەن بۆ نەبوونی نیەت بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ عێراق و وتی"لەناو لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقدا، ئێمە وەكو هاوپەیمانی هیوای كوردستانی گەورەترین كوتلەین، سێ ئەنداممان هەیە، لەكاتێكدا پارتی دوو ئەندام و یەكێتی یەك ئەندامی هەیە، بۆیە چەند سیناریۆیەكمان بۆ چۆنیەتی داكۆكیكردن لە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم داڕشتووە."




PM:06:10:14/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 7380 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت