ترەمپ بە تۆمەتی هاندان بۆ توندوتیژی تۆمەتبار کرا


وێستگەنیوز- هێڤار هیوا
ترەمپ یەکەم سەرۆکە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا دووجار تۆمەتبار کرا بە تۆمەتی هاندانی خەڵک بۆ هێرشکردنە سەر کۆنگرێس و پشێویەکانی هەفتەی رابردووی ئەمریکا.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەری بی بی سی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بوو بە یەکەم سەرۆک لە مێژووی ئەو وڵاتەدا کە دوو جار لە لایەن کۆنگرێسەوە تۆمەتبار کراوە بە تۆمەتی هاندانی خەڵک بۆ هێرشکردنە سەر کۆنگرێس و پشێویەکانی هەفتەی رابردووی ئەمریکا.

بەپێی زانیارییەکانی ئەو ئاژانسە، کۆنگرێس بەرپرسیاریەتی سەرجەم رووداوەکانی هەفتەی رابردووی واشنتۆنی پایتەختی ئەو وڵاتەی خستۆتە ئەستۆی ترەمپ.

هاوکات بەهۆی بریار و تۆمەتەکەی کۆنگرێسەوە، ترەمپ روبەرووی لێکۆڵینەوە دەبێت لە لایەن لیژنەیەکی باڵای ئەنجومەنی پیرانەوە لەپاش تەواوبونی ماوەی سەرۆکایەتی و رادەست کردنی دەسەڵات، ئەگەریش هەیە تۆمەتەکانی بەسەردا ساخبێتەوە و بۆ هەمیشە لە خۆ کاندید کردن و دووبارە دەسەڵات گرتنە دەست بێبەش بکرێت.

لە پاش هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی رۆژی 3ی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، لە نێوان دۆنالد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا و جۆ بایدنی کاندیدی دیموکراتەکان، لە ئەنجامدا بایدن توانی بردنەوە بە دەست بهێنێت.

لە بەرامبەردا چەندین جار دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی ئەوەی دەکرد کە هەڵبژاردنەکان ساختەکاری تێدا کراوە و دەسەڵات ڕادەست ناکات.

وەک پەرچە کردارێکیش بۆ کۆبوونەوەی کۆنگرێس و هەڵبژاردنی جۆ بایدن وەک سەرۆکی نوێ، رۆژی 6ی کانوونی دووەم لە کاتی دەنگدانی ئەندامانی کۆنگرێس بۆ پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، لایەنگرانی ترەمپ هێرشیان کردە سەر کۆنگرێس و بۆ ماوەیەک کۆبوونەوەکەیان ڕاگرت و چەند کوژراو و بریندارێکی لێکەوتەوە، بەڵام لە کۆتاییدا دووبارە کۆبوونەوەکە بەڕێوەچوو بە کۆی دەنگی ئەندامانیش بە فەرمی جۆ بایدن بوو بە سەرۆکی نوێی ئەمریکا.

وا بریاریشە 20ی ئەم مانگە هەر یەک لە جۆ بایدنی سەرۆکی نوێ و کامالا هاریس، جێگری نوێی سەرۆک لە مەراسیمێکدا لە کۆشکی سپی سوێندی یاسایی بخۆن.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی رادەست کردنی دەسەڵاتیش لەو وڵاتەدا، پۆلیسی فیدراڵی FBI هۆشداری دا لە بوونی زانیاری لەسەر چەندین هێزی چەکدار لە 50 ویلایەت کە خۆیان ئامادە دەکەن بۆ هێرشکردنە سەر کۆشکی سپی لەو رۆژەدا،  بۆ ئەو مەبەستەش هەموو هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشی ئەو وڵاتە کەوتونەتە حاڵەتی ئامادە باشیەوە بە مەبەستی پاراستنی کۆشکی سپی رێگەگرتن لە روودانی هەر رووداوێکی نەخوازراو.


PM:02:05:14/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 1440 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت