عیراق گەشتکردنی بۆ 20 وڵات قەدەغە کرد


وێستگه‌ نیوز-
لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانی لە عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، بڕیاری قەدەغەی گەشتکردن لە عێراقەوە بۆ چەند وڵاتێک درێژکرایەوە،  بەهۆی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی گۆڕاوی کۆرۆنا لەو وڵاتانە.
 
شەوی رابردوو لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانی لە عێراق، تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا، بە سەرۆکایەتیی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە.
 
لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانی لە عێراق لە کۆبوونەوەکەیدا بڕیاری دا، بڕیاری ژمارە 231ـی ساڵی 2020ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، تایبەت بە قەدەخەی گەشتکردن لە عێراقەوە بۆ 20 درێژبکاتەوە، بەهۆی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی گۆڕاوی کۆرۆنا لەو وڵاتانەدا.
 
لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی هاوکات بڕیاریدا هاتنی گەشتیاران لەو وڵاتانەوە بۆ عێراق قەدەغە بکات، تەنیا رێگە بە گەشتیاری عێراقی دەدرێت لەو وڵاتانەوە بگەڕێنەوە، بەو مەرجەی دوای گەشتنیان 14 کەرەنتین بکرێن، ئەو وڵاتانەش بریتین لە: بەریتانیا، نەمسا، بەلجیکا، دانیمارک، فینلەندا، فەرەنسا، جۆرجیا، ئەڵمانیا، یۆنان، ئێرلەندا، لۆکسمبۆرگ، سلۆڤاکیا، ئیسپانیا، بەرازیل، ئەمریکا، هیند، ئیسترالیا، ژاپۆن، باشووری ئەفریقا و زامبیا.
 
هەرچەندە پێشتر ئێران و هۆڵەنداش لە لیستی ئەو وڵاتانەدا بوون کە گەشتکردنیان بۆیان قەدەغەکرابوو، بەڵام لە دوایین کۆبوونەوەی لێژنەی باڵای سەلامەتی و تەندروستیی عێراق، ناویان لە لیستەکە دەرهێنرا.
 
بەپێی دواییین راگەیێندراوی لێژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتیی عێراق، بڕیاری گەشتکردن لەو وڵاتانەوە بۆ عێراق، یان لە عێراقەوە بۆ ئەو وڵاتانە دیپلۆماتکاران، شارەزایان کە لە پرۆژەکانی خزمەتگوزاری کاردەکەن، لەگەڵ شاندە فەرمییەکانی حکومەت و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ناگرێتەوە، لەگەڵ ئەوەش دەبێ ئەو کەسانە لە ماوەی 72 کاژێر پێش گەیشتنیان بۆ عێراق پشکنینی (PCR) بکەن.
 
سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەدا، رایگەیاندبوو:"تائێستا تووشبوون بە جۆری نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق تۆمارنەکراوە".

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق، تائێستا 605 هەزار 416 کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، 562 هەزار و 575 تووشبوو چاکبوونەتەوە و 12 هەزار و 915 تووشبوویان گیانیان لەدەستداوە.


PM:01:20:14/01/2021








ئه‌م بابه‌ته 3952 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو