كۆنگرێسی ئەمریكا بریاری لابردن ترەمپی دەركرد


وێستگەنیوز- هێڤار هیوا

كۆنگرێسی ئەمریكا رێككەوتن لەسەر بریاری لابردنی دۆنالد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا و جێگری سەرۆكیان راسپارد بۆ ئەو كارە، بەڵام رەتی كردەوە و رایگەیاند كارەكە زۆر ئاڵۆزە و پێویستیان بە هەمواركردنەوەی یاسایی هەیە. 

بەپێی هەواڵێكی رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكی، ئەمڕۆ زۆرینەی ئەندامانی كۆنگرێسی ئەمریكا داوای لە كار لابردنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەو وڵاتەیان كردووە و بۆ ئەو مەبەستەش مایك پێنس، جێگری سەرۆكیان بۆ بەڕێوەبردنی كارەكان راسپاردووە.
 
لە داواكەی ئەندامانی كۆنگرێس و بەشێكی زۆری دیموكراتەكاندا هاتووە، "داواكارین بە جێبەجێكردنی ماددەی 25ی دەستوور كە تایبەتە بە لادان و دەسەڵات لێسەندنەوە لە سەرۆك، لەبەرئەوەی ترەمپ دەسەڵاتی بۆ مەرامی تایبەتی خۆی بەكارهێناوە و تۆمەتبارە بە هەوڵدان بۆ دروستكردنی پشێوی و هاندانی خەڵك بۆ یاخیبوون لە دژی حكومەت".

لە پاش داواكەی كۆنگرێس، مایك پێنس، جێگری سەرۆك ئەو داوایەی رەتیكردۆتەوە و رایگەیاندووە، "ئەو كارە بە ئاسانی ناكرێت و پێویستی بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی كۆنگرێس هەیە بۆ كاراكردنی ماددەی 25ی دەستوور، چونكە ئابروچوونێكی گەورە دەبێت بۆ ئێمەی ئەمریكی ئەگەر بە زۆر سەرۆك لە كار لابدەین". 

پێنس جەختیكردۆتەوە، "ئەگەر هەوڵی لابردنی ترەمپ بەم شێوەیە بدرێت، پێویستە پرۆژەكە بچێتە ئەنجومەنی پیران و لە پاشان سێ لەسەر چواری ئەندامانی ئەنجومەنەكە دەنگ بە لابردنی بدەن، یاخود بەپێی یاساكە، سەرۆك دەبێت بە ویستی خۆی و ئارەزومەندانە بروات". 

ماددەی 25ی دەستوور تایبەتە بە لادانی پلە باڵاكان و سەرۆكی وڵات لە ئەگەری ئەنجامدانی كارێكی هەڵە یاخود گێرەشێوێنییەك. ئەگەر كۆنگرێس بیەوێت ئەو یاسایە دژی ترەمپ جێبەجێ بكات،  پێویستە زۆرینەی ئەندامان و دواتریش سێ لەسەر چواری ئەندامانی ئەنجومەنی پیران دەنگی لەسەر بدەن، ئەگەر بەو شێوەیە بوو، ئەوا ترەمپ مافی ئەوەی لێ دەسەندرێتەوە كە جارێكی دیكە لە سالی 2024 خۆی كاندید بكاتەوە.


PM:05:44:13/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 3888 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو