حكومەتی هەرێم چارەنووسی خوێندنی ئەمساڵی یەكلاییكردەوە


وێستگە نیوز-
حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، دوای هەڵسەنگاندنی دۆخی كۆرۆنا، بڕیاردرا لەڕۆژی شەممە 16ی 1 خوێندنی قۆناغی 12 دەست پێبكاتەوە، قۆناغەكانی دیكەش لەڕۆژی 1ی ئازار واتە 1ی 3 دەست پێدەكاتەوە.

د.جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دوای هەڵسەنگاندنی دۆخی كۆرۆنا لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە، بڕیاردرا لەڕۆژی شەممە 16ی1ەوە خوێندنی قۆناغی 12ی ئامادەیی دەست پێبكاتەوە، قۆناغەكانی دیكەش لەڕۆژی 1ی ئازار واتە 1ی 3 دەست پێدەكاتەوە.

پێشتریش وێستگە نیوز بەپێی زانیارییەكانی سەرچاوەیەكی ئاگادار لەوەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە، وەزارەتەكەیان دوو پلانی داناوە بۆ بەردەم لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا تا یەكێكیان پەسەند بكات.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەپلانی یەكەم كرد "یەكەم، رۆژی ١٦ی ئەم مانگە پرۆسەی خوێندنی پۆلی دوازدەی ئامادەیی دەستپێدەكاتەوە، دووەم: لەڕۆژی 1ی ئازار واتە 1ی مانگی 3، دەرگای خوێندن بەتەواوی دەكرێتەوە تا 1ی حوزەیران،  لەڕۆژی 1ی حوزەیران تاقیكردنەوەی وەرزی یەكەم دەست پێدەكات، سێیەم، مانگەكانی ٩ و ١٠ و ١١ خوێندن دەست پێدەكاتەوە كە لە كۆتایی مانگی ١١ تاقیكردنەوەی وەرزی دووەم ئەنجام دەدرێت، چوارەم، لەڕۆژی ٢٠ی مانگی 12ی ئەمساڵیش دەرگای خوێندن بۆ ساڵی ٢٠٢١ بۆ ٢٠٢٢ دەكرێتەوە".

هەر بەپێی زانیارییەكانی وێستگە نیوز، ئەگەر ئەو پلانە پەسەند نەكرێت، ئەوا پلانی دووەم ئەوەیە خوێندنی ئەمساڵ هەژمار ناكرێت و وەك ساڵانی رابردوو لەمانگی ئەیلولدا خوێندنی ساڵی نوێ دەست پێدەكاتەوە.



PM:04:58:13/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 10172 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو