نوێترین لێدوانی تەندروستی جیهانی سەبارەت بەدۆخی كۆرۆنا لەكوردستان


وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال

بەرپرسێكی رێكخراوی تەندروستی جیهانی رایدەگەیەنێت، راستە حاڵەتەكانی كۆرۆنا لەكوردستان رووی لەكەمبوون كردووە، بەڵام هێشتا دۆخەكە پێویستی بەخۆپارێزییە.

د.نەجمەدین حەسەن، نوێنەری رێكخراوی تەندروستی جیهانی لەشاری سلێمانی بەوێستگە نیوزی راگەیاند، ئێستا لەزۆر وڵات ڤایرۆسی كۆرۆنا كەمیكردوە لەعێراق و كوردستانیش بەهەمانشێوە، بەڵام ناكرێت واز لەڕێنماییەكان بهێنرێن، چونكە خۆپارێزی هەر گرنگە، هەمانكات پشكنینی زۆرتریش بكرێت و تەندروستیش پشت سارد نەكاتەوە لەپشكنین.

ئێستا لەزۆربەی وڵاتان و بەدیاریكراویش كۆماری ئیسلامی ئێران ڤایرۆسی كۆرۆنای گۆڕاو بڵاوبۆتەوە كە بەوتەی پزیشكان كاریگەری زیاترە، سەبارەت بەوەی بڵاوبوونەوەی ئەو جۆرەی كۆرۆنا لەئێران بۆ كوردستان تا چەند مەترسیدارە، د.نەجمەدین دەڵێت، بەو پێیەی لەنێوان كوردستان و ئێران هاتووچۆكردن هەیە، بێگومان مەترسیدارە، بۆیە دەبێت چاودێری زیاتری سنورەكان بكرێت، یان ئەگەر  پشكنینی هاوڵاتیانی گەڕاوەش لەسنورەكان بكرێت، بەڵام ئەگەر كەرەنتین نەكرێن یان تێكەڵ نەبن، مەترسی دەبێت.

بەپێی دوایین ئاماری ئەمڕۆی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم، لە 24 كاتژمێری رابردوودا ١٥٨ تووشبووی نوێ تۆماركراون (١٩ هەولێر، ٢٠ سلێمانی، ١١٧ دهۆك، ٢ ڕاپەڕین)، ٩٧٨ تووشبووش چاكبوونەوە (٣٧١ هەولێر، ١٧٦ سلێمانی، ٣٥٧ دهۆك، ٣٢ گەرمیان، ٤٢ ڕاپەڕین)، ١ تووشبووش گیانی لەدەستداوە (١ سلێمانی).


PM:04:48:13/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 3468 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو