وەزیری دەرەوەی ئێران وەڵامی هاوتا ئەمەریكییەی دایەوە


وێستگەنیوز- هێڤار هیوا
وەزیری دەرەوەی ئێران وەڵامی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا دەداتەوە و رایگەیاندووە، هەموو قسەكانی تۆمەتی بێ بنەمان و هێرشی 11ی سێپتەمبەر هاوكارەكانی ئەمەریكا ئەنجامیاندا، نەك ئێران.

محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تویتێكدا لە هەژماری تایبەتی خۆی، وەڵامی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكای دایەوە و رایگەیاندوە "هەموو تۆمەتەكانی پۆمپیۆ دورن لە راستیەوە و بە هیچ جۆرێك ئێران نەبووەتە مۆڵگەی تیرۆرستانی قاعیدە".
 
زەریف ئاماژەی بەوەشكردووە "جێگەی بەزەییە مایك پۆمپیۆ لە كارەكەیدا نامێنێت و بەرەو كۆتایی دەڕوات، بەڵام هێشتا خەریكی كۆمەڵە درۆیەكە كە جەنگ بە دوای خۆیدا دەهێنێت"، جەختیشی كردۆتەوە "وتەكانی ئەمریكا راست نین و وەهمین، ئەوانەشی كە هێرشەكانی 11ی سێپتەمبەریان ئەنجامدا، ئێران نەبوو، بەڵكو ئەو وڵاتانە بوون كە هاوكاری ئەمریكان و پۆمپیۆ چاوی لەسەریانە". 

ئەم وتە توندانەی وەزیری دەرەوەی ئێران وەك وەڵامێك دێت بۆ ئەمریكا لە پاش ئەوەی دوێنی 12ی كانوونی دووەمی 2021، مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هێرشی توندی كردە سەر ئێران و بە پاڵپشتێكی سەرەكی گروپی تیرۆریستی قاعیدە  ناوی بردن و بەرپرسیارێتی تەقینەوە و هێرشە توندوتیژییەكانی وڵاتان و هێرشەكەی 11ی سێپتەمبەریشی خستە سەر ئێران.





PM:04:04:13/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 2660 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت