وێستگە نیوز دوو پلانی وەزارەتی پەروەردە بۆ چارەنووسی خوێندنی ئەمساڵ ئاشكرا دەكات


وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال
وەزارەتی پەروەردەی ھەرێمی كوردستان دوو پلان دەخاتە بەردەم لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا یەكێكیان دەستپێكردنەوەی خوێندن لەسەرەتای مانگی ئازاری ئەمساڵ واتە مانگی سێ تا كۆتایی ساڵ، ئەوەی دیكەش دواخستنی خوێندنی ئەمساڵ.

بەپێی زانیارییەكانی سەرچاوەیەكی ئاگادار لەوەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ وێستگە نیوز، وەزارەتەكەیان دوو پلانی داناوە بۆ بەردەم لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا تا یەكێكیان پەسەند بكات، بڕیارە لیژنەكەش ئێوارەی ئەمڕۆ ئەو پرسە یەكلایی دەكاتەوە.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەپلانی یەكەم كرد "یەكەم، رۆژی ١٦ی ئەم مانگە پرۆسەی خوێندنی پۆلی دوازدەی ئامادەیی دەستپێدەكاتەوە، دووەم: لەڕۆژی 1ی ئازار واتە 1ی مانگی 3، دەرگای خوێندن بەتەواوی دەكرێتەوە تا 1ی حوزەیران،  لەڕۆژی 1ی حوزەیران تاقیكردنەوەی وەرزی یەكەم دەست پێدەكات، سێیەم، مانگەكانی ٩ و ١٠ و ١١ خوێندن دەست پێدەكاتەوە كە لە كۆتایی مانگی ١١ تاقیكردنەوەی وەرزی دووەم ئەنجام دەدرێت، چوارەم، لەڕۆژی ٢٠ی مانگی 12ی ئەمساڵیش دەرگای خوێندن بۆ ساڵی ٢٠٢١ بۆ ٢٠٢٢ دەكرێتەوە".

هەر بەپێی زانیارییەكانی وێستگە نیوز، ئەگەر ئەو پلانە پەسەند نەكرێت، ئەوا پلانی دووەم ئەوەیە خوێندنی ئەمساڵ هەژمار ناكرێت و وەك ساڵانی رابردوو لەمانگی ئەیلولدا خوێندنی ساڵی نوێ دەست پێدەكاتەوە.




PM:02:50:13/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 7648 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت