هه‌نگاو: کچێک به‌هۆی به‌ شوودانی زۆرەملێ خۆی سووتاند

‌فۆتۆ: گێتی

وێستگه‌ نیوز ـ
ژنێکی دانیشتووی یەکێک لە گوندەکانی جوانڕۆ کە ماوەیەک پێش ئێستا بە زۆر هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ پیاوێكی له‌خۆی گه‌وره‌تر پێكرابوو، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و گیانی لەدەست دا.


بە گوێرەی هەواڵی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، رۆژی شەممە 9ی كانوونی دووه‌می 2021، ژنێکی تەمەن 28 ساڵانی خەڵکی گوندی (کڵاش لولم) سەربە شاری جوانڕۆ، بە ناوی سەرحەد رۆشەندڵ، بە هۆی قوڵی برینەکانیەوە گیانی لەدەست داوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم ژنە هەفته‌ی رابردوو و دوای سێ رۆژ لە بە شوودانی زۆرەملێ بە پیاوێکی تەمەن 45 ساڵ کە پێشتر سێ ژنی هێناوە و باوکی پێنج منداڵ بووە، ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا رایگەیاند کە مامۆستایەک بە ناوی مەلا ساڵح نوری، پێشنوێژی گوندەکە، بەو کچەی وتووە کە شوو بەو پیاوە بکات و پێی وتووە، "تۆ تەمەنت لەسەرەوەیە و چیدی هەلی شووکردنت نیە"، تەنانەت پرۆسەی شووکردنەکەی بە شێوەی یاسایی تۆمار نەکراوە.

سەرچاوەکانی هەنگاو رایانگەیاندووە، ئەو ژنە سێ رۆژ دوایی ئەوەی شووی کردووە گەڕاوەتەوە ماڵی باوکی و لەوێ ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە.


PM:05:01:12/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 24408 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت