پۆلیسی FBI، هۆشداری لە روودانی کارەساتێکی ترسناک لە واشنتۆن دەدات

‌کۆشکی سپی.. فۆتۆ: ئەرشیڤ

وێستگە نیوز- هێڤار هیوا
پۆلیسی فیدراڵی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا هۆشداری دەدات لە دروستبوونی پشێویەکی گەورە لە واشنتۆن لە رۆژی سوێند خواردنی جۆ بایدنی سەرۆکی تازە هەڵبژێردراوی ئەمریکا و رایگەیاندووە زانیاریان هەیە هێزی چەکدار خۆیان بۆ هێرش کردن ئامادە کردووە.


بەپێی هەواڵێکی ماڵپەری بی بی سی، پۆلیسی فیدراڵی ئەمریکا FBI هۆشداری داوە لە روودانی کاراساتێکی گەورە لە واشنتۆنی پایتەخت و داوا دەکات ئامادەکاری تەواوەتی بکرێت بۆ رێگەگرتن لە ئەگەری روودانی هەر رووداوێک.

ئاماژەی بەوەش کردووە، "زانیاری تەواوەتییان هەیە لە زیاتر لە 50 ویلایەت هێزی چەکداری ترسناک خۆیان ئامادە کردووە بۆ مەراسیمی سوێند خواردنی جۆ بایدنی سەرۆکی نوێ".

جەختیشی کردەوە: "هەموو هێزەکانمان کردونەتە حاڵەتی ئامادە باشیەوە بۆ ئەو مەراسیمە، بەڵام کارێکی پڕ مەترسیش دەبێت ئەگەر رووداوێکی نەخوازراو رووبدات و چەندین قوربانی لێ دەکەوێتەوە".

وتەبێژی پۆلیسی فیدراڵیش دەڵێت: "هەرگیز ناهێڵین رووداوەکەی 6ی کانوونی دووەم دووبارە ببێتەوە و بە هەموو شێوەیەک رووبەرووی گێرەشێوێنان دەبینەوە و پارێزگاری لە هەموو ئەمریکییەکان دەکەین".

لە پاش هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی رۆژی 3ی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو،  لە نێوان دۆنالد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا و جۆ بایدنی کاندیدی دیموکراتەکان، لە ئەنجامدا بایدن توانی بردنەوە بە دەست بهێنێت.

لە بەرامبەردا چەندین جار دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی ئەوەی دەکرد کە هەڵبژاردنەکان ساختەکاری تێدا کراوە و دەسەڵات رادەست ناکات.

وەک پەرچە کردارێکیش بۆ کۆبوونەوەی کۆنگرێس و هەڵبژاردنی جۆ بایدن وەک سەرۆکی نوێ، رۆژی 6ی کانوونی دووەم لە کاتی دەنگدانی ئەندامانی کۆنگرێس بۆ پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، لایەنگرانی ترەمپ هێرشیان کردە سەر کۆنگرێس و بۆ ماوەیەک کۆبوونەوەکەیان ڕاگرت و چەند کوژراو و بریندارێکی لێکەوتەوە، بەڵام لە کۆتاییدا دووبارە کۆبوونەوەکە بەڕێوەچوو بە کۆی دەنگی ئەندامانیش بە فەرمی جۆ بایدن بوو بە سەرۆکی نوێی ئەمریکا.

وا بریاریشە 20ی ئەم مانگە هەر یەک لە جۆ بایدنی سەرۆکی نوێ و کامالا هاریس، جێگری نوێی سەرۆک لە مەراسیمێکدا لە کۆشکی سپی سوێندی یاسایی بخۆن.

ئەمڕۆش پۆلیسی فیدرالی هۆشداری دا لە بوونی زانیاری لەسەر چەندین هێزی چەکدار کە خۆیان ئامادە دەکەن بۆ هێرشکردنە سەر کۆشکی سپی لەو رۆژەدا، بۆ ئەو مەبەستەش هەموو هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشی ئەو وڵاتە کەوتونەتە حاڵەتی ئامادە باشیەوە بە مەبەستی پاراستنی کۆشکی سپی رێگەگرتن لە روودانی هەر رووداوێکی نەخوازراو.


PM:04:27:12/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 1844 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو