ئیندۆنیسیا یەکێک لە سندوقە رەشەکانی فرۆکە تێکشکاوەکەی دۆزیەوە

‌فۆتۆ: گێتی

وێستگەنیوز ـ هێڤار هیوا
وەزارەتی گواستنەوەی ئیندۆنیسیا رایگەیاند، یەکێک لە سندووقە رەشەکانی ئەو فڕۆکەیان دۆزیوەتەوە کە هەفتەی رابردوو لە دەریای جاڤادا تێکشکا و لە ئێستادا گواستویانەتەوە بۆ شوێنێکی تایبەت بە مەبەستی لێکۆڵینەوە.


بەپێی هەواڵێکی ماڵپەری مایکرۆسۆفت نیوس، وەزارەتی گواستنەوەی ئیندۆنیسیا رایگەیاندووە، توانیویانە یەکێک لە سندووقە رەشەکانی فرۆکەکە بدۆزنەوە و لە ئێستادا گواستراوەتەوە بۆ شوێنێکی تایبەت بە مەبەستی لێکۆڵینەوی زیاتر.

بودی کاریا سومادی، وەزیری گواستنەوەی ئەو وڵاتە ئاماژەی بەوەش کردووە، "لێکۆڵینەوەی زیاتر دەکەین لەسەر هەموو رووداوەکان و ئەم دۆزینەوەیەش دەبێتە هۆکارێک بۆ گەشتن بە زانیاری زیاتر".

هاوکات پێشتریش لە کەناڵە ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتەدا چەند سندوقێکی سپی دەرکەوتبوون کە کەس زانیاری نەبووە لەسەر ئەوەی ئایا ئەوە سندووقی تۆمارکردنی دەنگی ناو فرۆکەکە بوو یاخود تۆمارکردنی سەرجەم زانیارییەکان.

کاتژمێر 2:40 خولەکی شەوی شەممە ئەو فرۆکە ئیندۆنیسیە دەستی بە گەشتی ئاسایی خۆی کرد و لە پاش چەند خولەکێک بە شێوەیەکی نا ئاسایی نزم بووەوە و دواتر سەرجەم پەیوەندییەکانی لەگەڵ راداردا پچڕا و بە تەواوی ونبوو. دوای زیاتر لە شەش کاتژمێر، بەرپرسانی ئەو وڵاتە دۆزینەوەی فرۆکەکەیان بە تێکشکاوی راگەیاند و ئاماژەیان بەوە کرد "فرۆکەکە 50 سەرنشین و 12 کارمەندی دەستەی فرۆکەوانی هەڵگرتبوو کە لە نێویاندا حەوت منداڵ هەیە و زانیارییەکان ئەوە نیشان دەدەن کە سەرجەم سەرنشینان و کارمەندانی دەستەی فرۆکەوانی فرۆکەکە گیانیان لە دەست داوە".

پێشتریش لە ساڵەکانی 2018 و 2019 دا دوو جاری دیکە فرۆکەی کۆمپانیای بۆینگ تێکشکاوە و بەو هۆیەوە ئەمریکا بۆ ماوەی دوو ساڵ رێگەی لەو جۆرە فرۆکەیە گرت کە لە زەوی بەرزبێتەوە.


PM:02:55:12/01/2021






ئه‌م بابه‌ته 1288 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو