40 ساڵ زیندانی بە "تاوانی" سوتاندنی وێنەی خامنەیی

‌ئەو سێ کەسەی سزاکەیان بەسەردا سەپاوە

وێستگە نیوز- هێڤار هیوا
سێ گەنجی شاری ئەهوازی وڵاتی ئێران بە "تاوانی" سوتاندنی وێنەی خامنەیی لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2019ی ئێران سزا دران و کۆی سزای هەرسێکیان دەگاتە 40 ساڵ.


بەپێی هەواڵێکی ماڵپەری ئەلعەرەبیە، دادگای شۆرشی ئێرانی لە شاری ئەهواز، سزای زیندانی بۆ سێ گەنجی عەرەبی ئەهوازی دەرکرد بە "تاوانی" بەشداریکردنیان لە خۆپیشاندانەکانی تشرینی دووەمی 2019ی ئەو وڵاتە و سوتاندنی وێنەی خامنەیی.

رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ئێرانی ناوی ئەو سزادراوەنەی راگەیاندووە و پێکهاتوون لە (رەعد حەمدانی 23 ساڵ بە سزای 20 ساڵ زیندانی) و هەروەها هەریەک لە (قوسەی خەزرەجی 19 ساڵ و سەجەد دەباتی 20 ساڵ) بە 10 ساڵ زیندانی سزا دران.

چالاکوانانی مەدەنی ئاماژەیان بەوە کردووە، "ئەو سێ گەنجە بە تاوانی کاری تێکدەری و سوتاندنی وێنەی خامنەیی و هەوڵدان بۆ پشێوی نانەوە دژی ئاسایشی نەتەوەیی سزادراون".

جەختیشیان کردەوە "ئەو سێ گەنجە چەندین جۆر ئازار و ئەشکەنجە دراون بۆ ئەوەی دانبنێن بە هەندێک تاواندا کە هەرگیز ئەنجامیان نەداوە و ئێستا لە زیندانی شاری مەسجد سلێمان زیندانی کراون''.

خۆپیشاندانەکانی 15ی تشرینی دووەمی 2019ی ئێران یەکێک لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەو وڵاتە، بە گازی فرمێسک ڕێژ و تەقە بڵاوە بە خۆپیشاندەران کرا.

بەپێی زانیارییەکانی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ئێران، "دەزگای هەواڵگری و پۆلیس زۆر بە توندی رووبەروی خۆپیشاندەران بونەتەوە و نزیکەی 1500 قوربانی لێکەوتۆتەوە بە کوژراو و بریندار و هەزاران خۆپیشاندەری دیکەش دەستگیرکراون، ترسی ئەوەش هەیە هەندێک لەو دەستگیرکراوانە لە سێدارە بدرێن".


PM:03:01:10/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 968 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو