هه‌نارده‌ى نەوتی عێراق بۆ ئه‌مریكا بۆ سفر دابه‌زى


وێستگه‌ نیوز- 
فەرمانگەی زانیاری وزەی ئەمەریکا ڕایده‌گه‌یه‌نێت، هاوردەی نەوتی عێراق و سعوودیە لە هەفتەی رابردوودا بۆ سفر دابەزیوە، ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كردووه‌ لە هەفتەی رابردوودا ئەمەریکا هیچ بڕە نەوتێکی لە عێراق و سعوودیە هاوردە نەکردووە.

فەرمانگەی زانیاری وزەی ئەمەریکا ئاشكرایكردووه‌‌، هاوردەی نەوتی عێراق و سعوودیە لە هەفتەی رابردوودا بۆ سفر دابەزیوە، ناوەندی هاوردەی نەوتی ئەمەریکا لە چوار مانگی رابردوودا، تەنیا لە چوار وڵات بووە و تێکڕای هاوردەکەش 4 ملیۆن و 792 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بووە، کە ئەو بڕەش بەراورد بە هەفتەی پێش خۆی 197 هەزار بەرمیل نەوت زیاتر بووە.

فه‌رمانگه‌ى زانیارى وزه‌ى ئه‌مریكا ‌ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه‌، لە هەفتەی رابردوودا ئەمەریکا هیچ بڕە نەوتێکی لە عێراق و سعوودیە هاوردە نەکردووە، لە کاتێکدا لە هەفتەی پێشووتر 123 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی لە عێراق، 118 هەزار بەرمیل نەوتی لە سعوودی هاوردەکردووە.

ڕونیشیكراوه‌ته‌وه‌، ئەو بڕە نەوتەی هاوردەکراون لە هەفتەی رابردوو بە پلەی یەکەم لە کەنەدا بووە، دوای ئەویش مەکسیک و کۆڵۆمبیا و نێجیریا، هەفتەی پێشووتر 123 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی لە عێراق و 118 هەزار بەرمیل نەوتی لە سعوودی هاوردەکراوه‌.

له‌ كاتێكدا، لە ساڵی 2020 خواست لەسەر نەوتی خاو بە رێژەی 30٪ دابەزی، ئەوەش بەهۆی کاریگەرییەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە جیهاندا، بەڵام لەگەڵ پەسه‌ندکردنی ڤاکسینەکانی کۆرۆنا، نرخی نەوت کەم کەم بەرزدەبێتەوە.

هه‌روه‌ها لە مانگی نیسانی ساڵی 2020یشدا، بەهۆی لێکەوتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، نرخی بەرمیلێک نەوتی رۆژئاوای تەکساس بۆ -37 دۆلار دابەزی.
 
بەرزبوونەوەی نرخی نەوتیش لەکاتێکدایە سعودیە له‌ سەرەتای ئەم هەفتەیە رایگەیاندبوو، لە مانگەکانی شوبات و ئازار رۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل بەرهەمهێنانی نەوت کەمدەکاتەوە. 


PM:02:13:10/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 5280 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو