لەسەر کێشەی سنورەکان و راوەماسی، بەریتانیا و یەکێتی ئەوروپا لە ڕێککەوتن نزیک بونەتەوە


وێستگەنیوز- هێڤار هیوا
لە پاش نۆ مانگ گفتوگۆی بەردەوام سەبارەت بە جیابوونەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا، ئەو وڵاتە و یەکێتی ئەوروپا لەسەر کێشەی سنوورەکان و راوەماسی لە رێککەوتن نزیک بونەتەوەو شاندی دانوستانکاری هەردولاش هەوڵدەدەن دوای پشووەکانی سەری ساڵ دووبارە دەست بە گفتوگۆکان بکەنەوە.

بەپێی هەواڵیکی ماڵپەری فرانس24، ئەمرۆ هەریەک لە شاندی دانوستانکارانی یەکێتی ئەوروپا و بەریتانیا کۆبونەوە بۆ تاوتوێی زیاتر سەبارەت بە جیابوونەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا، لەو ڕووەشەوە قۆناغێکی باشیان بریوە بۆ گەشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی، بە وتەی بەرپرسانی شاندە باڵاکەی هەردولا، لە دوای پشووەکانی سەری ساڵەوە کۆبوونەوەکان دەست پێدەکەنەوە بە مەبەستی چارەسەری کێشەکانی ڕاوەماسی و سنوورەکان. هەوڵیش دەدرێت بە هیچ جۆرێک قەیرانی ئابووری دروست نەبێت.

یەکێک لە ئەندامانی کۆبوونەوەکە رایگەیاندووە، نزیکەی 2000 لاپەڕە ئامادە کراون بۆ گفتۆکردن و چەند کاتژمێرێکیشیان لەبەر دەست ماوە پێش تەواوبونی کۆبوونەوەکەی ئەمرۆ،هەروەها بەرپرسێکی یەکێتی ئەوروپاش ئاماژەی بەوە کردووە، هەموو هەوڵێک دەدەن و گفتوگۆکانیان چڕ کردۆتەوە بۆ پاراستنی مافی ڕاوەماسیکردنی خەڵکی یەکێتی ئەوروپا لە ئاوەکانی بەریتانیا. 

هەر لەو رووەوە بۆریس جۆنسن، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و ئورسولا ڤۆن دێر، سەرۆکی شاندی دانوستانکاری یەکێتی ئەوروپا لە راگەیەندراوێکدا رایانگەیاندووە، لە رێککەوتن نزیکن و هەوڵدەدەن هەموو بەربەستەکان تێپەڕێنن.

بەریتانیا لە 31ی کانوونی دووەمی 2020 لە یەکێتی ئەوروپا کشایەوە و چەند رێککەوتنێکی لە بواری ئاڵوگۆڕی بازرگانی و باجی گومرگیدا لەگەل یەکێتی ئەوروپادا کردووە. ئەو رێککەوتنەش لە 31ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ کۆتایی پێدێت بەبێ گوێدانە ئەوەی ئایا هەردولا گەشتوونەتە ڕێککەوتنی کۆتایی یاخود نا.


PM:05:42:24/12/2020


ئه‌م بابه‌ته 1504 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت