یەکێتی پۆستێکی باڵا لەحکومەتی عێراق وەردەگرێت


وێستگەنیوز-

لەچوارچێوەی پڕكردنەوەی پۆستەکانی کابینەی حکومەتی عێراق لەنێوان لایەنەکاندا و بەرەچاوکردنی بەرکەوتەی هەڵبژاردن، ئەحمەد بەرواری نوێنەری پێشوتری یەکێتی لەئەڵمانیا و باڵیۆزی پێشوی عێراق لەوڵاتی چین وەک بریکاری وەزیری دەرەوەی عێراق دەستبەکاربوو.

بۆردی پەیوەندییەکانی یەکێتی لەراگەیەنراوێکدا هەواڵی دەستبەکاربوونی ئەحمەد بەرواری وەک بریکاری وەزیری دەرەوەی عێراق بڵاوکردەوە و رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە بەمەبەستی پیرۆزباییکردن و باسکردن لەدۆخی سیاسی و گۆڕانکارییەکانی وڵات سەردانی ئەحمەد بەرواری-یانکردوە.

ئەحمەد بەرواری ساڵی 1964 لەبەغدا لەدایکبوە و خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لەزانستە سیاسییەکان لە ئەڵمانیا، ناوبراو پێشوتر ئەم پۆستانەی وەرگرتوە: ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتی لەئەوروپا، جێگری نوێنەری حکومەتی هەرێم لە واشنتن، نوێنەری حکومەتی هەرێم/ئیدارەی سلێمانی لە ئەڵمانیا، نوێنەری یەکێتی لە ئەڵمانیا، باڵیۆزی عێراق لە هیندستان و سەرۆک و بەرپرسی چەندین بەشی دیکە بوە لەناو وەزارەتی دەرەوەی عێراق و لەدواین ئەرکیشیدا باڵیۆزی عێراق بوە لەچین.

بەگوێرەی بەڵگەنامەیەکیش کە رۆژی 3/11/2020 بەواژۆی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەرچوە و میدیاکانی عێراق ناوەڕۆکی فەرمانەکەیان بڵاوکردوەتەوە، بڕیاردراوە چوار کەس وەک بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق دیاریبکرێن.

بەگوێرەی بەڵگەنامەکە ئەحمەد بەرواری وەک بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق بۆکاروباری کارگێڕی و هونەری دەستبەکاربووە.

هـ.هـ


AM:12:13:22/12/2020






ئه‌م بابه‌ته 15136 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت