پڕۆژه‌یاسایه‌كی ئه‌مریكا به‌ڕێوه‌یه‌ كه‌ گروپه‌كه‌ی هادی عامری ده‌خاته‌ لیستی تیرۆره‌وه‌


وێستگه‌ نیوزـ

كۆنگرێسی ئه‌مریكا خۆی بۆ ده‌ركردن و په‌سه‌ندكردنی پرۆژه‌یاسایه‌كی نوێ ئاماده‌ ده‌كات كه‌ تیایدا رێكخراوی به‌در-ی عیراق كه‌ گروپێكی چه‌كداری نزیك له‌ ئێرانه‌، ده‌خاته‌ لیستی تیرۆره‌وه‌.

ره‌شنوسی پڕۆژه‌یاساكه‌ له‌ رۆژنامه‌ی Washington free beaconی ئه‌مریكا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و تیایدا هاتوه‌ كه‌ كۆنگرێسی ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت گه‌وره‌ترین گروپی چه‌كداری شیعه‌ی عیراق كه‌ رێكخراوی به‌دره‌ و هادی عامری سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كات، بخاته‌ لیستی تیرۆره‌وه‌.

ئه‌م سزا نوێیانه‌ی كۆنگرێسی ئه‌مریكا له‌لایه‌ن جۆ ویلسن، ئه‌ندامی لیژنه‌ی كاروباری ده‌ره‌وه‌ی كۆنگرێسه‌وه‌ داڕێژراوه‌ و ئه‌مه‌ش یه‌كه‌مجاره‌ رێكخراوی چه‌كداری عیراق بخاته‌ لیستی تیرۆره‌وه‌ و تۆمه‌تبار بكرێت به‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی به‌ تاران و سوپای پاسدارانی ئێرانه‌وه‌ هه‌یه‌.

ئه‌مریكا رێكخراوی به‌در تۆمه‌تبار ده‌كات به‌وه‌ی به‌رپرسانی ناو باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكای له‌ به‌غدا كردوه‌ته‌ ئامانج و ساڵی رابردوو هێرشی بۆسه‌ر باڵیۆزخانه‌كه‌ ئه‌نجامدراوه‌، هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكرد كه‌ ئیداره‌ی تره‌مپ، قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانده‌ی پێشوی فه‌یله‌قی قودس له‌ناو خاكی عیراقدا بكاته‌ ئامانج.


PM:01:38:04/12/2020


ئه‌م بابه‌ته 4324 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت