فاخیر هەریری پەیامێک لە زیندانەوە بڵاودەکاتەوە


وێستگه‌ نیوز

له‌ رێگه‌ی كه‌ناڵی (ئین ئاڕ تی)یه‌وه‌، فاخیر هەریری هونەرمەندی میللیی هەولێر کە زیاتر لە ساڵێکە دەستگیرکراوە په‌یامێكی ده‌نگیی بڵاوكرده‌وه‌ و داوا لە سەرۆکی حکومەتی هەرێم دەکات گوێی لە دەنگی بێت. دەشڵێت، دۆخی ناو زیندانەکەی زۆر خراپە.

هەر لە نامە دەنگیەکەیدا، فاخیر هەریری دەڵێت، کە دۆخی ناو زیندانەکەی زۆر خراپە چونکە ئەو زیندانە بۆ 900 كەس دروستكراوە، بەڵام ئێستا دوو هەزار و 300 كەسی تێدایە و بەوەش، رۆژانە شەڕ لە نێوان زیندانییەكاندا روودەدات.

دەشڵێت، دەیەوێت مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوێی لە دەنگی بێت و بزانێت کە دۆخی ناو زیندانەکەی خراپە.

باسی لەوەشکردووە، لەناو زینداندا گەندەڵی زۆرە و هەركەسیش دەڵێت دۆخیان باشە، ئەوا راست ناكات، چونکە بە پێچەوانەی قسەكانی وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتیەوە، گوزەران لە ناو زیندان زۆر خراپە.

لە نامە دەنگیەکەیدا فاخیر هەریری هۆنراوەیەک لەبارەی زیندانەوە دەڵێت کە ئەمەی خوارەوەیە:

"كێ دەڵێت زیندان جێگەی چاكسازییە

هەندێ خەڵكی تێدایە دووڕووە و بەرژەوەندیچییە وەك بەرازییە

بەس بڵێن مەئمور لێی رازییە

كێ دەڵێت زیندان جێگەی چاكسازییە

هەندێك خەریكی دەرمانخواردن و هەندێك خەریكی هەتیوبازییە

كێ دەڵێت زیندان جێگەی چاكسازییە

ئەوەتا بێتاوان لە گۆشەی زیندانە و ناڕازییە

تاوانباریش لە دەرەوە لەناو لێكزەزە

ناوێرم دەنگهەڵبڕم بڵێم خودای من یان سەرۆكی حكومەت

خەڵكی هەمووی ناڕازییە

دەزانم دەمبەنە دەرەوە و زەحمەت نییە و یەك دەرزییە

كێ دەڵێت زیندان جێگەی چاكسازییە

باشترین شت ئەوەیە بە دایكم بڵێن

لە ئێستاوە بۆم دابنێن مەراسیمی تاعزییە

كێ دەڵێت زیندان جێگەی چاكسازییە"

ئەوەش لەکاتێکدایە، ماوەی زیاتر لە ساڵێکە فاخیر هەریری لەسەر کێشەی زەوی و زار دەستگیرکراوە و بە وتەی خۆیان، بەرپرسێک حەقی خواردوون و ئەویشیان بە گرتن داوە.


PM:10:38:02/12/2020


ئه‌م بابه‌ته 19920 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت