به‌شیر حه‌داد بانگه‌وازێك بۆ هه‌ولێر ده‌كات: پەلە بکەن لە ناردنی وه‌فدێك بۆ به‌غدا

‌بەشیر حەداد

وێستگه‌ نیوزـ

جێگره‌ كورده‌كه‌ی سەرۆکی پەرلەمانی عیراق داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات په‌له‌ بكه‌ن له‌ ڕەوانە كردنی وه‌فده‌كه‌یان بۆ بەغدا تا لەگەڵ حکومەت فیدراڵ گفتوگۆ بکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.  
  
بەشیر حەداد، جێگری دووه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگەیاند، "کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تەنیا لە رێگەی گفتوگۆ و دانوستانەوە چارەسەر دەکرێن و جگە لە کۆبونەوە لەسەر مێزی دانوستان هیچ رێگەیەکی دیکە نییە بۆ ئەوەی چارەسەری کێشە کەڵەکەبوەکان بکەن."  

حه‌داد داواشی لە حکومەتی هەرێمی کودستان كردوه‌ "وه‌فدێكی هونەری و سیاسی ڕەوانەی بەغدا بکەن تا لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و لایەنە سیاسییەکان گفتوگۆ و دانوستان بکەن بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتنێک له‌سه‌ر کێشە سیاسی و داراییەکان، بەتایبەت کێشەی نەوت و موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان."  

جێگره‌ كورده‌كه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراق ئه‌وه‌شی به‌ بیرهێناوه‌ته‌وه‌ كه‌  له‌ داهاتوویەکی نزیکدا پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021 دێتە په‌رله‌مان بۆ ئەوەی پەسەند بکرێت، بۆیە پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان وه‌فدێك رەوانەی بەغدا بکات و لەسەر ئەو بابەتە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بگەنە رێککەوتنێک و تا بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە نێو ئەو پرۆژە یاسایەدا جێگیر بکرێت.

ئەمڕۆ جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، "هەرکاتێک حکومەتی هەرێم بە گونجاوی زانی سەردانی بەغدا دەکات لەکاتێکدا لە بەرژەوەندی خەڵکدا بێت."

باسی لەوەشکرد، بەمزووانە حکومەتی هەرێم کۆبوونەوە سەبارەت بە موچە دەکات و بڕیاری گونجاوی لەبارەوە دەدات، لەبارەی پشکی‌ هەرێمی‌ کوردستانیش لە بودجەی‌ ساڵی‌ داهاتووی‌ عێراقدا ئاماژەی بەوەکرد، "ئێمە داوای‌ مافەکانی‌ خەڵکی‌ هەرێممان کردووە کە رێژەی 17%یە."

ئەوەش دوای ئەوەدێت، نزیکەی‌ 50 رۆژە فەرمانبەرانی‌ هەرێمی‌ کوردستان موچەی‌ مانگی‌ 10ی‌ ئەمساڵیان وەرنەگرتووە و تاوەکو ئێستاش کاتی‌ دابەشکردنی‌ موچە دیارنییە و داوا دەکرێت هەرچی‌ زووە شاندێکی‌ هەرێم بچێتە بەغدا بۆ چارەسەرکردنی‌ کێشەکانی‌ نێوان هەرێم و بەغدا لەبارەی‌ بودجە و نەوتەوە.


PM:10:58:01/12/2020


ئه‌م بابه‌ته 7012 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت