دۆخی تەندروستی بەهادین نوری دوای توشبوونی بەکۆرۆنا ناجێگیرە

‌بەهادین نوری سکرتێری پێشوتری حزبی شیوعی عێراق

وێستگەنیوز-

بەهادین نوری سکرتێری پێشوتری حزبی شیوعی عێراق دوای توشبوونی بەڤایرۆسی کۆرۆنا، ماوەی چەند رۆژێکە دۆخی تەندروستی ناجێگیرە و لەئێستادا خراوەتە ژێر چاودێری چڕی پزیشکییەوە.

نیاز نەجمەدین، برازای بەهادین نوری لە راگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ وێستگەنیوز نێردراوە باسی لەوەکردوە، "چەند رۆژێكە مامی ئازیزم مامۆستا بەهادین نوری بەدەست نەخۆشییەوە ئازارێكی سەخت دەچێژێت. دوێنێ و ئەمڕۆ زۆر بەرەو خراپتر چووە تا وای لێكرد لە نەخۆشخانە خەوێنراوە، مامم وەك هاوڕێیەك مامەڵەی لەگەڵ كردووم. بێ دوو دڵی توانیومە رەخنە و سەرنجەكانمی پێ بڵێم".

ئاماژەی بەوەشکردوە، "لە سەرەتای 1990ەكان كە لە سەقز بینیم، باسی بوون و مێژووی بۆ دەكردم. لەم ساڵانەی دواییدا پتر بابەتی سیاسییمان گفتوگۆ دەكرد، مامم هەرگیز بە منی نەوتووە باری داراییت باش بكە، بەڵكو وتویەتی سیاسەت بكە، سیاسەت تەنها چرایەكە بۆ دڕدانی تاریكیی". 

د.نیاز نەجمەدین ئەوەشی خستوەتەڕو، "دڵمان لە مشتماندایە و رۆحمان لەسەر ئاگر. هیوادارین ئەم جارەش بە ئیرادەی پۆڵاینت سەركەویت بەسەریدا، ئەی قوتابخانەی ئیرادەی ئێمە".

بەهادین نوری لە 11-2-1927 لە گوندی تەکییەی سەر بە قەزای قەرەداغ لەدایکبووە، بەر لەتوشبوونی بەپەتای کۆرۆنا و لەتەمەنی 93 ساڵیدا وەک کەسێکی بەئەزموون رۆژانە بۆچوونی خۆی لەسەر رووداوە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بڵاودەکردەوە.


PM:11:06:30/11/2020


ئه‌م بابه‌ته 3004 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو