وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستان لەگەڵ بەغداد رونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

‌خالید شوانی، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستان لەگەڵ بەغداد

وێستگەنیوز-

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستان لەگەڵ بەغداد رایگەیاند، پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لێدوانێکی بەناوییەوە بڵاوکردوەتەوە کە گوایە پەرلەمانتارێکی کۆمەڵی ئیسلامی لەپەرلەمانی عێراق داوای بڕینی بودجەی هەرێمی کردوە، بۆ رایگشتی رونی دەکەنەوە کە ناوەڕۆکی لێدوانەکە و باسکردنی بابەتێکی لەوشێوەیە رەتدەکەنەوە و "داوا دەکەن هیچ کەس ولایەنێک  ناوی ئێمە بەکار نەهێنێت لەململانێ حزبیەکاندا".

خالید شوانی، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستان لەگەڵ بەغداد لە رونکردنەوەیەکدا کە وێنەیەکی بۆ وێستگەنیوز ناردوە باسی لەوەکردوە، "لە هەندێ سایتی ئەلکترۆنی و پەیج وئەکاونتی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان هەواڵێک بڵاوبۆتەوە بەناوی بەڕێزێک بەناو بەهمەن کاکە عەبدوڵا و لە لێدوانەکەیدا ناوی بەندەی هێناوە وگوایە من وتبێتم سەید عەمار الحکیم پێی راگەیاندووین کە پەرلمانتارێکی کوردی ریشن وەک ئاماژەیەک بۆ بەڕێز ئەحمەدی حاجی رەشید داوای بڕینی بودجەی هەرێمی کوردستانی کردبێت".

ئاماژەی بەوەشکردوە، "بەم روونکردنەوەیە ئەمەوێ بۆ رای گشتی روونی بکەمەوە کە بەندە هەرگیز  لەگەڵ ئەو پەرلمانتارە ( بەهمەن کاکە عەبدوڵا) دانەنشتووم وقسەی دوو بەدووم لەگەڵی نەکردوە وباسی ئەم رووداوەم نەکردوە کە ئەو ئەیگێرێتەوە ، و رێز وتەقدیریشم  بۆ کاک ئەحمەدی حاجی رەشید هەیە".

خالید شوانی داواش دەکات هیچ کەس ولایەنێک  ناوی بەکار نەهێنێت لەململانێ حزبییەکاندا کە مەبەستیان دەسکەوتی حزبیە، "کە من خۆم  بەرژەوەندی میلەتەکەم و نیشتمانەکەم  ئەخەمە سەرووی بەرژەوەندی حیزبیەوە".


PM:10:39:30/11/2020


ئه‌م بابه‌ته 9524 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت