گۆڕان: لێدوانی به‌رپرس و په‌رله‌مانتارانمان، گوزارشت نیە له‌ رای فه‌رمی بزوتنه‌وه‌کە

‌بزوتنەوەی گۆڕان

وێستگەنیوز-

بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، وه‌ك پێشتریش ژوری رۆژنامه‌وانی بڵاوی كردوەتەوە‌، هه‌ڵوێستی فه‌رمی لەلایەن بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانەوە بڵاوده‌كرێته‌وه‌ و، هه‌مو لێدوان و ده‌ربڕینێكی دیكه‌ی سیاسیی كه‌ لەلایه‌ن به‌رپرسانی حیزبی و حكومی و په‌رله‌مانتارانه‌وه‌ بۆ میدیاكان ده‌درێت، گوزارشت له‌ رای فه‌رمی بزوتنه‌وه‌کەیان ناكات، جەختیش دەکەنەوە لەسەر به‌كارهێنانی زمانێكی شارستانی و سیاسی هاوچه‌رخ‌ بۆ گوزارشتكردن و هه‌ڵوێست ده‌ربڕین له‌سه‌ر پرس و ئاریشەکان.

 ژوری رۆژنامه‌وانی بزوتنەوەی گۆڕان لە راگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ وێستگەنیوز نێردراوە باس لەوەکراوە، "وه‌ك پێشتریش ژوری رۆژنامه‌وانی بڵاوی كردبووه‌وه‌، هه‌ڵوێستی فه‌رمی لەلایەن بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانەوە بڵاوده‌كرێته‌وه‌ و، هه‌مو لێدوان و ده‌ربڕینێكی دیكه‌ی سیاسیی كه‌ لەلایه‌ن به‌رپرسانی حیزبی و حكومی و په‌رله‌مانتارانه‌وه‌ بۆ میدیاكان ده‌درێت، گوزارشت له‌ رای فه‌رمی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ناكات".

ئەوەش هاتووە، هاوكات، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌گه‌ڵ به‌كارهێنانی زمانێكی شارستانی و سیاسی هاوچه‌رخه‌ بۆ گوزارشتكردن و هه‌ڵوێست ده‌ربڕین له‌سه‌ر پرس و ئاریشە سیاسیی و ئابوری و داراییه‌كانی هه‌رێم و حکومەتی ئیتیحادی، كه‌ زه‌مینه‌سازی بكات بۆ لێكتێگه‌یشتن و چاره‌سه‌ری كێشه‌كان، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌ر ده‌ربڕینێكی دیكه‌ كه‌ وه‌ك سوكایه‌تی، یان زمانێكی نه‌شیاو دژی کەسایەتیە سیاسیه‌كان، یاخود حیزبه‌كان به‌كاربهێنرێت كلتوری سیاسی ئێمه‌ نیە و دژی دەبین و نوێنه‌رایه‌تی گوتاری سیاسیمان ناكات".

ئەوە لەکاتێکدایە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان کە تایبەت بوو بە دیاردەی کۆچی گەنجان، بەشێک لە پەرلەمانتارەکانی فراکسیۆنی یەکێتی و گۆڕان و لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن ناڕازیبون و داوایانکرد کۆبونەوەکە تەرخانبکرێت بۆ پرسی موچە و دۆخی خەڵکی کوردستان، حکومەتیشیان بە "گەندەڵ و بێ بەرنامە" لەئاست دابەشکردنی موچە و ژیانی خەڵک ناوبرد.

دواتریش ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، پەرلەمانی کودستان رۆژی چوارشەممە بەئامادەبوونی شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم بۆ بەغدا کۆدەبێتەوە و پرسی موچەو دۆخی دارایی خەڵکی کوردستانیش تاوتوێ دەکرێت، "ئەو موزایدە و رۆڵ دابەشکردنەی هەندێک لایەن لەناو پەرلەمان کردیان تائەمڕۆ قبوڵکراو بوو، لەسبەینێوە قبوڵکراو نیە و پێداچوونەوە بەرێککەوتنەکاندا دەکەین".


PM:08:27:30/11/2020


ئه‌م بابه‌ته 5176 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت