شاسوار عەبدولواحید: هەڵوێستی یەکێتی و هێزەبەشدارەکانی حکومەت بۆ هەڵبژاردنە و بەهای نیە

‌شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ

وێستگەنیوز-

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، هەڵوێستەکانی ئێستای پەرلەمانتارانی یەکێتیی و ئەوهێزانەی بەشدارن لە حکومەتدا لای خەڵکی کوردستان رونە کە پەیوەندی هەیە بە نزیکبوونەوەی هەڵبژاردن و هەڵوێستەکانیان "هیچ قیمەت و بەهایەکی نییە"، دەشڵێت، ئەگەر راست دەکەن لەم حکومەتە فاشیلە بکشێنەوە و دەستبەرداری هەمو پۆستە باڵاکان ببن.

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەپەیجی خۆی لەفەیسبوک باسی لەوەکردوە، "دوو پەیام بۆ (یەکێتیی و هێزەبەشدارەکانی حکومەت) و هەروەها ئەم چوار پەرلەمانتارە، یەکێتیی و ئەوهێزانەی بەشدارن لە حکومەتدا، وەک کەری ناو جۆگەیان لێهاتوە، لەمبەر و لەوبەریش دەخۆن(چونکە هەردوبەری تامی خۆشە)، دەبێت یەکێتیی و ئەو حیزبانەی کە لەحکومەتدا بەشدارن و شەریکی پارتیین بزانن کاتێک پێیەکتان لە ناو دەسەڵاتە و لە حکومەتدا شەریکن، وە پێیەکەی ترتان لە ئۆپۆزسیۆندایە، ئەمە لای خەڵک روون و ئاشکرایە و دەستەکەتان کەشفە، هەموو خەڵک دەزانن کە نزیکی هەڵبژاردنین و ئەمە هیچ قیمەت و بەهایەکی نییە".

ئاماژەی بەوەشکردوە، "ئێوە ئەگەر راست دەکەن لەم حکومەتە فاشیلە بکشێنەوە و دەستبەرداری ئەو هەمو پۆستە باڵا و وەزیر و بریکاری وەزیر و بەرێوەبەری گشتیی و پارە و دەسەڵاتە ببن، یاخود ئەم کارەی دەیکەن هیچ کاریگەرییەکی نییە و خەڵکی کوردستان چاک دەزانن کە ئێوە شەریکی دزییەکانی پارتین و پشکتان هەیە حەقی شاگردێتییەکەتان".

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ باسی لەوەشکردوە، "سەبارەت بە پەرلەمانتارە ئازاکانیش، ئەوە بەراستیی ئافەرین بۆ ئەم چوار پەرلەمانتارە ئازایەی نەوەی نوێ و هەموو پەرلەمانتارەکانی ئۆپۆزسیۆن کە ئەمرۆ هەڵوێستیان هەبوو، ئەم چوار بەرێزە سەلماندیان کە مانەوە و بەردەوامبوون و هەڵوێستوەرگرتن بە ژمارە نییە، رەنگە سەرەتا کەم بن، بەڵام بە هۆی بەردەوامیی و کاریگەریتانەوە دڵنیابن وردە وردە بەرەکەتان فراوان دەبێت و ئەوەتا ئەمڕۆ چەندین پەرلەمانتاری تری ئازا هەمان هەڵوێستی پێشووی ئێوەیان هەبوو، بە چوار کەس لە ناو پەرلەمان توانیتان گۆڕانکاری دروست بکەن، ئەمەیە ئیرادە و بەردەوامبوون، دەست خۆشی بۆ ئێوە و بۆ پەرلەمانتارانی تری ئۆپۆزسیۆن، بەردەوام بن".


PM:08:12:30/11/2020


ئه‌م بابه‌ته 6912 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو