عەلی حەمەساڵح هۆشداری لەنەهامەتییەكی گەورە دەدات

‌عەلی حەمەساڵح

وێستگە نیوز-
عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت ژیان و گوزەرانی خەڵك لەوپەڕی خراپیدایە و هۆشداریش لەنەهامەتییەكی گەورە دەدات ئەگەر سێ هەنگاو نەگیرێتەبەر.

عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان رایگەیاندووە، دۆخ و ژیانی خەڵك لە خراپیدایە، بەم شێوازە بەڕێوەبردنەی ئێستا بەرەو خراپتر دەچێت، ساڵێكە بە دەیان بەڵگەوە باسی قاچاخی و كۆمپانیاكاری خاڵە سنوریەكان و دزینی داھات دەكەن، باسی دیارنەبوونی پارەی نەوت دەكەن، ماوەی ساڵێكە و چەندین جار بە فەرمی داوای دانیشتنی پەرلەمانیان كردوە، بەڵام لەبەرئەوەی لوتكەی دەسەڵاتی لە پشتە دانیشتن ناكرێت!! بۆیە كە یەك ساڵ گوێت لێنەگیرێت، ئیدی ناچاری بەدەنگی بەرزتر ھاوار بكەیت.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردوە "ئێستاش خەڵكی كوردستان لە بەردەم نەھامەتییەكی گەورەدایە، بە دڵنیایی ئەگەر ئەم سێ ھەنگاوە نەگیرێتە بەر، قەیرانێكی چاوەڕواننەكراو ڕوو لە كوردستان دەكات، بێ موچەیی و نەھامەتی زۆر گەورەتر".

عەلی حەمەساڵح هەنگاوەكان ئاشكرا دەكات "یەك: ئامادەیی دەربڕینی ھەرێم بۆ ڕادەستكردنی ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داھاتی فیدڕاڵی، لەبەرامبەر دابینكردنی موچە، دوو: كۆتایی ھێنان بەم قاچاخی و گەندەڵیەی خاڵە سنورییەكان. سێ: پێداچونەوە بە خەرجی و گەندەڵیەكانی دۆسیەی نەوت!!".

ئەمڕۆ دەبوو پەرلەمانی كوردستان لەسەر هۆكارەكانی كۆچی گەنجان بۆ دەرەوە كۆببێتەوە، بەڵام بەهۆی ناڕەزایی دەربڕینی ژمارەیەك پەرلەمانتاری فراكسیۆنە جیاوازەكان جگە لەپارتی لەسەر دواكەوتنی مووچە، كۆبوونەوە دواخرا و رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمان رایگەیاند، رۆژی چوارشەممە كۆبوونەوەیەكی تایبەت بەمووچە دەكەن، بەڵام ئێوارەی ئەمڕۆ مونا قەهوەچی، سكرتێری پەرلەمان رایگەیاند، ئەو كۆبوونەوەیە دواخراوە.


PM:07:44:30/11/2020


ئه‌م بابه‌ته 5844 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو