په‌رله‌مانی كوردستان له‌ باره‌ی مووچه‌وه‌ كۆ ده‌بێته‌وه‌

‌بینای پەرلەمانی کوردستان.. فۆتۆ: ئەرشیڤ

وێستگه‌ نیوز ـ

په‌رله‌مانی كوردستان رۆژی چوارشه‌ممه‌ 2ی كانوونی یه‌كه‌می 2020، له‌ باره‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان كۆده‌بێته‌وه‌.


سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان رایگەیاندووە کە چوارشەممەی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی تایبەت سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەران و دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدەن.
 
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرۆکی فراکسیۆنەکان بڕیاردراوه‌ کە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ بەشێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەبچێت و رۆژی چوارشەممەی داهاتووش کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و دۆخی دارایی بکرێت.
 
لە کۆبوونەوەی رابردووی پەرلەمانی کوردستان لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان داوایان کرد کە کۆبوونەوەکە تەرخانبکرێت بۆ پرسی مووچە، بەڵام لەبەرئەوەی لە دانیشتنی پەرلەمان باسی لێوەنەکرابوو سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رێگەی نەدا بەشێک لە پەرلەمانتاران قسە بکەن. لەبەرئەوە پەرلەمانتاران داوایان کرد کە کۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمان تایبەت بکرێت بە پرسی مووچە.
 
هەرچەندە ئەمڕۆ دووشەممە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان هەیە، بەڵام سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان بڕیاریداوە رۆژی چوارشەممە 2ی كانوونی یه‌كه‌می 2020 کۆبوونەوەکە لەبارەی مووچەی فەرمانبەران بکرێت.
 
پەرلەمانی کوردستان بۆ تاوتوێی چەند پرسێک لە کۆبوونەوەدایە، لە ناویاندا پرسی کۆچی گەنجان بە ئامادەبوونی هەریەک لە وەزیرانی رۆشنبیری و وەرزش و لاوان، کاروکاروباری کۆمەڵایەتی و پلاندان تاوتوێ بکرێت.
 
بەپێی کارنامەی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان، خوێندنه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌م بۆ پێشنیازه‌یاسای په‌روه‌رده ‌و خوێندن و پێشنیازه‌یاسای هه‌مواری‌ یه‌كه‌می زانكۆ تایبه‌ته‌كان دەکرێت، لە تەوەری دووەمیشدا خوێندنەوە و گفتوگۆ لەبارەی راپۆرتی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان و ره‌وه‌ندی‌ كوردستانی‌ و لیژنه‌ی رۆشنبیری دەرکێت لەبارەی دیارده‌ی‌ كۆچی گه‌نجان.
 
سەبارەت بە تەوەری دووەم لەبارەی دیارده‌ی‌ كۆچی گه‌نجان، بڕیارەیە هەریەک لە وەزیرانی رۆشنبیری و وەرزش و لاوان، کاروکاروباری کۆمەڵایەتی و پلاندان ئامادەی دانیشتنەکە ببن، چاوەڕوانیش دەکرێت سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەش ئامادەی دانیشتنەکە ببێت، بەڵام تاوەکو ئێستا دیارنییە ئامادەی دانیشتنەکە دەبێت یان نا.
 


AM:11:30:30/11/2020


ئه‌م بابه‌ته 1740 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت